Tuesday, September 18, 2018

مەسرور بارزانی داعش ھێشتا ھەڕەشەیە بۆ سەر مووسڵ و ئەنبار


مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك ده‌دات، كه‌ داخوازییه‌كانی كوردستان و مادده‌ و بڕگه‌كانی ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌كات".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسه‌تی ستراتیژی له‌ عێراق دا، وه‌ك هه‌وڵێكی گرینگ بۆ رێگه‌گرتن له‌ تاكڕه‌وی له‌ به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ركردنی بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و قسانه‌ی له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ (برادلی سۆدن) باڵیۆزی نیوزلاند له‌ عێراق كردووه‌و له‌ دیداره‌كه‌دا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا، له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هێشتا تیرۆیستانی داعش هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كی و مه‌ترسیدارن بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی مووسڵ و ئه‌نبار و ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌ به‌غدا كراوه‌ و هه‌ردوولا هاوڕابوون، كه‌‌ پێویسته‌ حكوومه‌تێك بێت ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌ی عێراق بێت و هه‌وڵی خۆی بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كیه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بخاته‌گه‌ڕ.
 له‌وباره‌وه‌ باڵیۆزی نیوزلاند پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێك راگه‌یاند، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی گشت پێكهاته‌كان و ویست و داخوازی هاووڵاتیان بكات.
باسكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و نیوزلاند و په‌ره‌پێدانیان له‌ گشت بواره‌كاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یان بووه‌.

No comments:

Post a Comment