Monday, September 17, 2018

مه‌سرور بارزانى: ئه‌گه‌ر خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوايه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ترمان ده‌گێڕا


له‌ ئاهه‌نگى بانگه‌شه‌ى ليستى 183ى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ شارۆچكه‌ى ئاكرێ، مه‌سرور بارزانى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى پارتى وتارێكى پێشكه‌ش كرد.
به‌ ناوى خوداى مه‌زن و دلۆڤان
خوشك و برايانى هێژا..
خه‌ڵكى قاره‌مان و شه‌هيد په‌روه‌رى ده‌ڤه‌رى ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش..
زۆر سووپاسى ئێوه‌ ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى رێكتانخستووه‌ و رێتان داوه‌ ئاماده‌ بم بۆ ئه‌وه‌ى په‌يمان بده‌ينه‌ يه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى رۆژى 30ى ئه‌يلوول، بچينه‌ سه‌ر سندووقى ده‌نگدان و ليستى 183ى پارتى ديموكراتى كوردستان سه‌ربخه‌ين.
خوشك و برايانى هێژا..
ئاكرێ و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ شێوه‌يه‌كى گشتيى، ده‌رگاى راپه‌ڕين بوو بۆ بادينان. له‌و رۆژه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، خوێن و زه‌حمه‌ت و قوربانيدانى خۆتان سه‌لماندتان كه‌ ئێوه‌ پشتيوانى رێبازى پيرۆزى بارزانى نه‌مر و خوێنى شه‌هيدان و پارتى ديموكراتى كوردستانن.
هه‌ڤاڵانى هێژا..
ئه‌وه‌نده‌ى رژێمى شوڤينى پێشووى عێراقدا، هه‌وڵيدا، بۆ ئه‌وه‌ى شوێنه‌وارى كورده‌وارى و نيشتمانپه‌روه‌رى له‌ كوردستان و به‌ تايبه‌ت له‌م ناوچه‌يه‌ نه‌هێڵێت، به‌ڵام خۆڕاگرى و قوربانيدانى ئێوه‌، سه‌لماندتان كه‌ چۆن ئاكرێ به‌ناو و ده‌نگه‌، ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ پشتيوانى رێبازى پارتى و سه‌رفرازى و سه‌ربه‌خۆبوونه‌.

خوشك و برايانى هێژا..
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌. چونكه‌ ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڤاڵانى كانديدى ئێوه‌ ده‌چنه‌ په‌رله‌مان. ئه‌و بڕيارانه‌ى له‌ په‌رله‌مان ده‌رده‌كرێن، كاريگه‌رييان هه‌يه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسى كوردستان و ژيانى ئێوه‌. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنى ئێوه‌يه‌ و كانديده‌كان كانديدى ئێوه‌ن. كاتێك ده‌چنه‌ په‌رله‌مان پێويسته‌ هه‌ندێك بڕيار بده‌ن، كه‌ راسته‌وخۆ كاريگه‌رى له‌سه‌ر ژيانى ئێوه‌ ده‌بێت. بير له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كانديده‌كانى ئێوه‌ نه‌چنه‌ په‌رله‌مان، خه‌ڵكێكى ديكه‌ ده‌چێت. ره‌نگه‌ ئه‌وان بڕيارى ئه‌وه‌ بده‌ن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئێوه‌ نه‌بێت. هه‌ر بۆيه‌ هه‌قه‌ ئێوه‌ بير بكه‌نه‌وه‌، كه‌ بۆ پێويسته‌ بچن به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن و ئه‌و كانديدانه‌ى ئێوه‌ بڕواتان پێيان هه‌يه‌، بچنه‌ په‌رله‌مان و ئه‌و بڕيارانه‌ په‌سند بكه‌ن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كوردستاندا بن.
خوشك و برايانى هێژا..
هێشتا قۆناغى دوور و درێژى دياركردنى چاره‌نووسى كوردستان له‌ پێش ئێمه‌يه‌. رێبازى پيرۆزى پارتى و بارزانى سه‌ركێشى ئه‌و دۆزه‌يه‌. ساڵى رابردوو، پارتى وه‌ك پارتێكى پێشڕه‌و، سازشى له‌سه‌ر مافى خه‌ڵك و خه‌ڵكى كوردستانى نه‌كردووه‌. به‌ پشتيوانى قوربانيدان و خه‌باتى ئێوه‌ له‌ داهاتووشدا، سازش ناكات و ئينشائه‌ڵڵا به‌ ده‌نگ و پشتيوانى ئێوه‌ و به‌ پشتيوانى خودا به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ده‌چێت و هه‌نگاوى گه‌وره‌تر ده‌نێت.
له‌ ماوه‌ى رابردوودا ئێمه‌ تووشى كێشه‌ و هێرشى تيرۆريستان و پيلانى ناحه‌زان بووين. هه‌موويان ده‌يانويست كوردستان وه‌ك كيانێكى سياسى نه‌مێنێت. ئێمه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و كوردستان وه‌ك نيشتمانێك وجووديان نه‌مێنێ. به‌ڵام قاره‌مانانى ئه‌م ميله‌ته‌، په‌يڕه‌وانى ئه‌م رێبازه‌ پيرۆزه‌ و قوتابيانى قوتابخانه‌ى رێبازى پيرۆزى بارزانى و پارتى پێش هه‌موو كه‌سێك سينگى خۆيان كرده‌ قه‌ڵغان نه‌ك ته‌نيا بۆ پاراستنى كوردستان، به‌ڵكو بۆ دانانى بناغه‌يه‌كى به‌هێزتر بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى زياتر.
هه‌ڤاڵانى هێژا..
ره‌نگه‌ هه‌موو كه‌سێك وه‌ك تاك بير له‌وه‌ بكاته‌وه‌، كێ چى بۆ كردووه‌، چ پێويسته‌ له‌ هه‌ڵبژاردن به‌شدارى بكه‌ن.. داواكارى ئێمه‌ له‌ هه‌موو ئه‌ندام و لايه‌نگرێكى پارتى و په‌يڕه‌وانى رێبازى پارتى و بارزانى ئه‌وه‌يه‌، هه‌ر كه‌س ئه‌و پرسياره‌ له‌ ئێوه‌ بكات، به‌ سه‌رێكى به‌رزه‌وه‌، بڵێن، ئێمه‌ خوێنمان دايه‌ ئێوه‌. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و قاره‌مانانه‌ى له‌ سه‌نگه‌رى به‌رگريدا بوون، بۆ پاراستنى ئه‌م خاكه‌ و كه‌رامه‌تى ئه‌م ميله‌ته‌ بوون، بۆ خۆيان نه‌بووه‌، بۆ هه‌موومان بووه‌. ئه‌وانه‌شى له‌ ماڵى خۆيان دانيشتوون، ده‌بێت بزانن، ئێمه‌ و ئێوه‌ و هه‌موومان قه‌رزارى خوێنى ئه‌و شه‌هيدانه‌ و زه‌حمه‌تى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ين. كارى له‌ پێشينه‌مان ئه‌وه‌يه‌، وه‌فادار بين به‌رامبه‌ر ئه‌و قوربانيدانه‌ و ئه‌و رێبازه‌ به‌رنه‌ده‌ين و ئه‌و رێبازه‌ سه‌ربخه‌ين و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنێكى ديكه‌ و له‌ 30ى ئه‌يلوول، به‌ هه‌مووان بڵێين ئه‌و ئه‌و قوتابيانه‌ى ئه‌و رێبازه‌ و خوێندكارانى ئه‌و زانينگه‌يه‌، ئاماده‌ين نه‌ك ته‌نيا ده‌نگى خۆمان، به‌ڵكو به‌ خوێن و سه‌روماڵى خۆمان وه‌فادارين بۆ خوێنى ئه‌و شه‌هيدانه‌ و خه‌باتى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌.

هه‌ڤاڵانى هێژا..
زۆر جار ده‌ڵێين، پێويسته‌ حكومه‌تێكى به‌هێز دابمه‌زرێت. درووشمى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش، بنياتنانى كوردستانێكى به‌هێزه‌. كوردستانى به‌هێز له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست پێده‌كات. له‌ ده‌نگى ئێوه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو بچنه‌ سه‌ر سندووقى ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌نه‌ ئه‌و كانديدانه‌ى ئێوه‌ بڕواتان پێى هه‌يه‌ و به‌رگرى له‌ مافى ئێوه‌ بكه‌ن و سازش له‌سه‌ر مافى ئێوه‌ ناكه‌ن و ئاماده‌ نابن، رۆژێك كوردستان بفرۆشێت و سه‌رى خۆى بۆ دوژمن شۆڕ بكات و ئه‌گه‌ر ده‌نگ بده‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رگرى له‌ مافى ئێوه‌ ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ پشتيوان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز و ئه‌و حكومه‌ته‌ جارێكى ديكه‌ له‌ خزمه‌تى ئێوه‌دا ده‌بێت.
هه‌ڤاڵانى هێژا..
پارتى له‌ رۆژى دامه‌زراندنييه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ مه‌به‌ستى بووه‌، خزمه‌تگوزارى ميله‌تى خۆى بێت. به‌رنامه‌ى پارتى ئه‌وه‌يه‌، ميله‌ت سه‌روه‌ر بێت.
له‌ رێبازى پارتى و بارزانى، ده‌سه‌ڵات خزمه‌تگوزارى ئێوه‌يه‌، ئێوه‌ بڕيار ده‌رن. ئێوه‌ن به‌ ده‌نگى خۆتان بڕيار ده‌ده‌ن چاره‌نووسى كوردستان چۆن ده‌بێت و په‌رله‌مانى كوردستان له‌ كێ پێكدێت. ئه‌گه‌ر كانديدانى پارتى به‌ پشتيوانى خودا و ده‌نگى ئێوه‌، سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ ئينشائه‌ڵڵا به‌ده‌ست بهێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌ركه‌وتنێكى زۆر مه‌زن به‌ده‌ست بهێنين كه‌ بێوێنه‌ بێت له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م به‌رنامه‌كانى پارتى جێبه‌جێ بكرێن. ئێمه‌ بڕوامان به‌ پێكه‌وه‌ژيان و هاوپه‌يمانى هه‌يه‌ و بڕوامان به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش هه‌يه‌ كه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى نيشتيمانى له‌گه‌ڵ پارتى هاوڕان و ده‌مانه‌وێت له‌ حكومه‌تى داهاتووش شه‌ريك و به‌شدار بن. به‌ڵام نامانه‌وێت كه‌س هه‌بێت رێگرى له‌ به‌رنامه‌كانى پارتى بۆ به‌رگرى و چاكسازى بكات و هه‌ر هاوپه‌يمانييه‌كيش هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ سازش له‌سه‌ر مافى كورد و خاكى كوردستان نه‌كه‌ن.
خوشك و برايانى هێژا..
راسته‌، هيچ به‌ڵێنێك ناده‌ين، كه‌ چى ده‌كه‌ين. چونكه‌ ره‌نگه‌ زۆر كه‌س به‌ڵێن بدات و بڵێت فڵان شته‌تان بۆ ده‌كه‌ين، به‌ڵام هيچ رابردوو و ئه‌زموونێك نييه‌، بزانين وه‌فادار ده‌بن يان نا، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك پارتى 72 ساڵه‌ به‌ڵێنمان داوه‌ خزمه‌تكار و پارێزه‌رى نيشتيمانى خۆمان بين و خۆمان بكه‌ينه‌ قه‌ڵغانى پاراستنى كوردستان و ئه‌مه‌ 72 ساڵه‌ش ئه‌و په‌يمانه‌ ده‌پارێزين.
هه‌ڤاڵانى هێژا..
هه‌تا ئێمه‌ مابين، سه‌رى خۆمان بۆ دوژمنان ناچه‌مێنين. سازش له‌سه‌ر مافى ئێوه‌ ناكه‌ين. هه‌رچى پێويست بێت بۆ خزمه‌تى ئێوه‌ ته‌قسيرى نه‌كه‌ين. داواى ئێمه‌ له‌ كانديدانى پارتى بۆ په‌رله‌مانى داهاتوو ئه‌وه‌يه‌ خزمه‌تى خه‌ڵك بكه‌ن و كار بۆ كوردستانێكى پێشكه‌وتوو بكه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێكهاته‌ و ئاينه‌كان له‌ كوردستان و هه‌موو ده‌ست بده‌نه‌ ده‌ستى يه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى زياتر و ميله‌تى ئێمه‌ بگاته‌ ئه‌و قۆناغه‌ى كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ئيره‌يى پێببرێت و پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى كوردستان وه‌ك نموونه‌ باس بكرێت.
هه‌ڤاڵانى هێژا..
ئێمه‌ ده‌زانين، پارتى له‌ مێژووى خۆيدا، ته‌نيا بۆ بيرخستنه‌وه‌، حه‌ز ده‌كه‌م بيرى خۆتانى بخه‌نه‌وه‌. هه‌ر كاتێك پارتى له‌ گۆڕه‌پانى سياسييدا ديار نه‌بووبێت و يان بووبێته‌ قوربانى پيلانێكى نێوده‌وڵه‌تى، چ حزب و ده‌سه‌ڵات و لايه‌نێك هه‌بووه‌، ده‌ستكه‌وتێكى بۆ ئه‌م ميلله‌ته‌ به‌ده‌ستهێنابێت. به‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌وه‌نده‌ى ده‌ستكه‌وتى كوردستان هه‌بووه‌، له‌ دامه‌زرێنه‌رى پارتييه‌وه‌ تا ئێستا، پارتى بنياتنه‌ر و به‌ديهێنه‌رى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بووه‌ و ئه‌مڕۆش پارتى سه‌رقافڵه‌ى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌يه‌. پارتى خه‌ڵكى كوردستانى له‌ نه‌مان رزگار كرد. ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتيمانى كوردستانى پاراست. پارتى بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى دان به‌ هه‌رێمى كوردستاندا بنرێت. پارتى له‌ هه‌موو داستانێكدا پشكى شێرى به‌ركه‌وتووه‌. پارتى و رێبازى بارزانى خه‌ڵكى خۆى وا په‌روه‌رده‌ كردووه‌ پێش هه‌موو كه‌سێك بچنه‌ سه‌نگه‌رى به‌رگرى و ئه‌مڕۆش ئێوه‌ دادوه‌ر بن و پرسيار بكه‌ن، كاتێك كوردستان كه‌وته‌ به‌ر هێرشى دڕندانه‌ى تيرۆريستان، قوتابخانه‌ى كام رێباز بوون چوونه‌ سه‌نگه‌رى به‌رگرى. هه‌قه‌ ئه‌مڕۆ پرسيار له‌ هه‌موو كه‌سێك بكه‌ن، كه‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، بڵێن: به‌ڵێن به‌س نييه‌ و هه‌زار به‌ڵێن قوربانى كردارێك بن و ئێمه‌ هه‌موو خه‌ڵك و پشتيوانى ئه‌و رێبازه‌ين دوێنێ پشتيوانى له‌ خاك و كه‌رامه‌تى ئه‌م ميله‌ته‌ ده‌كرد. ئه‌مڕۆ ئه‌و رۆژه‌يه‌ كه‌ بڕيار له‌سه‌ر رابردوو و ئه‌داى پارتى و لايه‌نه‌كانى ديكه‌ بده‌ن. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ هه‌رچيمان كردبێت، منه‌تى تێدا نييه‌. هه‌رچيمان كردبێت باوه‌ڕمان پێبووه‌ و دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌يش خۆمان ده‌كه‌ينه‌ قوربانى ئه‌م ميله‌ته‌ و ئه‌م خاكه‌.
پارتى هه‌موو كاتێك سه‌رى به‌رز بووه‌. چونكه‌ هێزى پارتى خه‌ڵكى كوردستان بووه‌. ئێمه‌ هيچ كاتێك پشتى خۆمان به‌م وڵات و ئه‌و وڵات گرێنه‌داوه‌ و پشتمان به‌ هيچ وڵاتێك نه‌به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌هێزمان بكه‌ن. ئێمه‌ هه‌ميشه‌ پشتى خۆمان داوه‌ به‌ ميله‌تى خۆمانه‌وه‌ و هه‌موو ده‌زانين هێزى پارتى خه‌ڵكى كوردستانه‌. ئه‌مڕۆش پارتى چاوه‌ڕێيه‌ پشتيوانى لێ بكه‌ن و كاتێك ده‌چنه‌ سه‌ر سندووقى ده‌نگدان بير له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاتوو سبه‌ى جارێكى ديكه‌ كوردستان كه‌وته‌ به‌ر هێرشى دڕندانه‌ى تيرۆريستان، يان پيلانێكى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌ز جدى ئه‌و پرسياره‌ له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر سبه‌ى جارێكى ديكه‌ پيلانێك هه‌بێت بۆ تێكدانى كوردستان، يان په‌لامارى كوردستان بده‌ن، ئه‌و كاته‌ ده‌نگ ده‌ده‌نه‌ كێ.. بۆيه‌ زۆر پێويسته‌ ئێوه‌ ئه‌وه‌تان بير بێت. نه‌ك ته‌نيا سبه‌ى، به‌ڵكو پێويسته‌ ئه‌و بڕياره‌ له‌سه‌ر بنه‌مايه‌ك بێت و ئێوه‌ بيرتان بێت، ئه‌م پارته‌ و ئه‌م قوتابخانه‌ و رێبازه‌ و سه‌ره‌ڕاى هه‌مووشى سه‌رۆكى ئه‌و پارته‌، ئه‌و كه‌سه‌ بوو، كه‌ پێش هه‌مووان ده‌چووه‌ سه‌نگه‌رى به‌رگرى له‌ خاك و كه‌رامه‌تى ئه‌م ميله‌ته‌ و سبه‌ى ئێوه‌ به‌ ده‌نگدان بير له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌.
ئێمه‌ نه‌گه‌يشتووينه‌ته‌ قۆناغى كۆتايى. هێشتا پيلان و ناحه‌زان زۆرن. مه‌خابن، ئه‌گه‌ر خيانه‌تى ناوخۆيى نه‌بوايه‌، ئه‌گه‌ر خيانه‌تى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوايه‌، ئه‌مڕۆ ره‌نگه‌ ئێمه‌ ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ترمان گێڕابا. بزانن رۆژى 25ى ئه‌يلوول، كه‌ چه‌ند رۆژێكى ديكه‌يه‌، ده‌بێته‌ ساڵێك مه‌زنترين ده‌ستكه‌وت به‌ديهات. چونكه‌ ئيراده‌ى ميله‌ت به‌سه‌ر كه‌وت، كاتێك 93 له‌سه‌دى خه‌ڵكى كوردستان گوتى به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆيى.
ئێمه‌ هيچ كاتێك واز له‌ ماف و پرۆژه‌ى ميله‌تى خۆمان ناهێنين. قۆناغى جيا پێويستى به‌ خه‌باتى ئه‌و قۆناغه‌ هه‌يه‌. ئێمه‌ به‌رده‌وامى به‌و خه‌باته‌ ده‌ده‌ين. ئێمه‌ رۆژێك له‌ رۆژان واز له مافى سه‌ربه‌خۆيى و چاره‌نووسى ئه‌م ميله‌ته‌ ناهێنين. پێمان خۆشه‌ هه‌موو شت به‌ ئاشتيخوازانه‌ بێته‌ ده‌ست. پێمان خۆشه‌ به‌ ئاشتى و ته‌بايى بێت له‌گه‌ڵ ميله‌تانى ناوچه‌كه‌. پێكه‌وه‌ به‌رده‌وامى بده‌ينه‌ ژيان. به‌ڵام ئێمه‌ گه‌يشتووينه‌ته‌ قۆناغێك كه‌ نابێت هيچ كه‌سێك به‌ چاوێكى نزم سه‌يرى كورد و كوردستان بكه‌ن. بۆيه‌ پێويسته‌ به‌ ده‌نگێكى به‌رز بڵێن ئێمه‌ سه‌ربه‌رزين كه‌ خه‌ڵكى كوردستانين و په‌يڕه‌وى ئه‌م رێبازه‌ين و سه‌ربه‌رزين كه‌ پارتين.
خوشك و برايانى هێژا..
كانديدانى پارتى، خه‌ڵكێكى زۆر به‌توانايان تێدايه‌. هه‌ريه‌ك پسپۆڕه‌ له‌ بوارى كارى خۆيدا. يه‌ك شت هه‌يه‌ و تێيدا هه‌مووان به‌شدارن، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌، كه‌ هه‌موويان په‌يڕه‌وى رێبازى بارزانين و خوێنده‌ڤانى زانينگه‌ى پارتين. هه‌موويان ئه‌و خاڵه‌ هاوبه‌شيان تێدايه‌. بۆيه‌ بڕوايان پێبكه‌ن و هيچ كاتێك خيانه‌ت له‌ ده‌نگ و متمانه‌ى ئێوه‌ ناكه‌ن كه‌ به‌وانى ده‌ده‌ن.
هه‌ڤاڵانى هێژا..
زۆر جار پارتى ئه‌جێندايه‌كى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێى بكات، موزايه‌ده‌ى سياسى يان پيلانگێڕييه‌كى نێوده‌وڵه‌تى رێگريان له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و ئه‌جێندايه‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتى زۆرينه‌يه‌ك له‌ په‌رله‌مان ده‌سته‌به‌ر بكات، بڕوا بكه‌ن، ئه‌و ئه‌جێندايانه‌ى له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستانن ده‌توانێت جێبه‌جێيان بكات و كه‌سيش ناتوانێت رێگريان لێبكات. پارتى به‌رپرسيار بووه‌، به‌رپرسيارێتيشى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌. زۆر جار هه‌ڵه‌ى خه‌ڵكى ديكه‌ش خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆى پارتى. به‌ڵام پارتى هيچ كاتێك له‌ به‌رپرسيارێتى راى نه‌كردووه‌.
ئه‌گه‌ر متمانه‌ بده‌نه‌ پارتى و پارتى ببێته‌ حزبى سه‌روه‌ر، مافى ميله‌تى كورد هيچ كاتێك سازشيان له‌سه‌ر ناكرێت. هه‌موو قۆناغێكيش ئاماده‌ين، هه‌ر كاتێك پێويست بێت قوربانى بده‌ين، ئێمه‌ له‌ هێڵى پێشه‌وه‌ ده‌بين و كاتى خواردن و ده‌ستكه‌وتيش، با خه‌ڵكى ديكه‌ ببێته‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتى خۆمان به‌ خاوه‌نى هه‌موو كوردستان ده‌زانين نه‌ك ته‌نيا خه‌ڵكى پارتى.
ئه‌گه‌ر رۆژى 30ى مانگ هه‌موو چوونه‌ سه‌ر سندووقى ده‌نگدان و ده‌نگتان دا پارتى و جارێكى ديكه‌ دێمه‌وه‌ خزمه‌تتان.
هه‌ڤاڵانى هێژا
له‌ ساڵى رابردوودا، به‌ تايبه‌تى له‌ شه‌ڕى به‌رگرى له‌ كوردستان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆريستانى داعش، ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ سه‌لماندى كه‌ په‌روه‌رده‌ى رێبازى بارزانى و پارتى چييه‌ و كوڕ و كچانى ئێوه‌ له‌ سه‌نگه‌رى به‌رگرى ده‌ريانخست ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ قه‌ڵغانى به‌رگرييه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌ نيشتيمانييه‌كان، به‌ تايبه‌ت له‌ رێبازى پيرۆزى پارتى و بارزانى. ئێمه‌ قه‌رزارى ئه‌و شه‌هيدانه‌ين. ئێمه‌ قه‌رزارى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و شه‌هيدانه‌ و قه‌رزارى زه‌حمه‌تى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ين و داواكاريشم له‌ كانديدان ئه‌وه‌يه‌ كاتێك ده‌چنه‌ په‌رله‌مان پێش هه‌موو شتێك به‌رنامه‌ى كاريان ئه‌وه‌ بێت چۆن خزمه‌تى پێشمه‌رگه‌ و بنه‌ماڵه‌ى شه‌هيدان بكه‌ن. به‌ پشتيوانى خودا و ئينشه‌ڵڵا به‌ ده‌نگى ئێوه‌ پارتى مه‌زنترين سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت و خودا پشتيوانى ئێوه‌ بێت.



No comments:

Post a Comment