Thursday, April 26, 2018

وتاری مه‌سروور بارزانى له كه‌مپينى پاڵپشتى قوتابيان و لاوانى هه‌ولێر له ليستى پارتى 184



مه‌سروور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌شداری له‌ كه‌مپینێكی قوتابییان و لاوان بۆ پشتیوانیكردنی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات له‌ شاری هه‌ولێر.
مه‌سروور بارزانی، له‌ وتارێكداگووتی: "به‌شداریكردنی لاوان و قوتابییان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌، چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ ده‌نگ و بڕیاری ئێوه‌ حوكمدانه‌ به‌سه‌ر رابردوو، بۆ درووستكردنی ئایینده‌".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئێوه‌ به‌ هه‌مووان ده‌ڵێن متمانه‌تان به‌ كێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا سه‌ركردایه‌تیمان بكات.
مه‌سروور بارزانی گووتی: "چه‌ند كه‌سێكی خۆفرۆش و خاكفرۆش ده‌یانه‌وێت كێشه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ درووست بكه‌ن. ئێستا ده‌بێت بتوانین به‌ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ئێوه‌، نوێنه‌رێكی وا بنێرینه‌ به‌غدا، بتوانێت پارێزگاری له‌ مافه‌كانمان بكه‌ین، دڵنیابن ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ریفراندۆمیان كردووه‌، له‌ به‌غداش پشتگیری و به‌رگری له‌ مافی ئێوه‌ ناكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی مێژووی خۆی نه‌زانێـت ناتوانێت بڕیارێكی درووستیش بۆ ئایینده‌ی خۆی بدات.
ئاماژه‌ی به‌ مێژووی كورد كرد و رایگه‌یاند: "هه‌ر كاتێك ده‌ستكه‌وتێك بۆ كوردستان و نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ده‌ست هاتبێت، له‌ ژێر سێبه‌ر و سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بووه‌، هه‌ر له‌ شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول تاكو گوڵان و راپه‌ڕین و درووستكردنی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان، دابینكردنی مافه‌كانی كورد له‌ ده‌ستووری عێراق، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش و دواجاریش تۆماركردنی داستان و سه‌روه‌ری له‌ پردێ و سحێلا و پارێزگاریكردن له‌ نیشتمان".
مه‌سروور بارزانی گووتی: "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێین كاتێك ریفراندۆم كرا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی زانیان ناتوانن ئه‌نجامدانی ریفراندۆم په‌ك بخه‌ن، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و پێشبڕكێیان بوو كامیان زیاتر له‌ شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن ده‌ربچن، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم به‌ده‌ستهاتبا، ئه‌وان ده‌هاتن و خۆیان ده‌كرده‌ خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌. به‌ڵام كاتێك خۆیان ده‌بنه‌ هۆكاری دواخستنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم و ده‌نگه‌كانی ئێوه‌ ،ئیستا گله‌یی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، ریفراندۆم شكستی هێناوه‌، نه‌خێر شكستی نه‌هێناوه‌، خه‌باتكردن له‌ پێناو چاره‌نووس له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا به‌ شێوازی جیاواز ده‌كرێت، بۆ ئه‌و قۆناغه‌ش بۆ پارێزگاریكردن له‌ مافه‌كانمان ده‌بێت ده‌نگ بده‌ین به‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ و ده‌نگ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ین له‌ ژێر سه‌كردایه‌تی سه‌رۆك بارزانی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ئێستا دوو به‌ره‌ درووستبووه‌، به‌ره‌یه‌ك به‌ره‌ی پارێزگاریكردن له‌ شكۆی كوردستان و به‌هاو ره‌مزی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌كه‌مان و به‌رگریكردن له‌ خوێنی شه‌هیدان، به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و شكۆیه‌ بشكێنێت و ته‌سلیمی لایه‌نێكی دیكه‌ بێت و هه‌موو ئامانجیان شكاندنی شكۆی میلله‌ته‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پارتیش له‌ به‌ره‌ی پاراستن و به‌رگریكردن له‌ شكۆی كوردستاندایه‌".
مه‌سروور بارزانی گووتی: "هه‌مووان ئازادن چۆن به‌شداریی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت له‌ بیرمان بێت، بوونتان هه‌بێت، خاوه‌ن شكۆ  بن له‌ رێگه‌ی ده‌نگه‌كانتانه‌وه‌ بوونی خۆتان بسه‌لمینن و ده‌نگ به‌وانه‌ بده‌ن پارێزه‌ری شكۆی میلله‌تن".
هه‌روه‌ها گووتی: "ئه‌وانه‌ی ناتوانن رووبه‌ڕووی پارتی ببننه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك بكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر پارتیدا بكه‌ن و ئه‌و كیانه‌ی درووستبووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت ئێمه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ین و واتان بۆ ده‌كه‌ین، له‌ چوارچێوه‌ی كیانێكه‌ كه‌ پارتی درووستی كردووه‌ و ره‌نجی داوه‌ و خه‌باتی كردووه‌ به‌ خوینی شه‌هیدان".
هه‌روه‌ها گووتی: "پارتی له‌ هه‌موو كه‌سیك زیاتر په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ خۆشگوزه‌ران بن و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نێك زیاتر خه‌بات ده‌كات، پارتی توانی ئه‌و كیانه‌ درووستبكات و له‌ ناو ئه‌و كیانه‌ش له‌ داهاتوودا به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ت به‌ ئێوه‌ و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، له‌كاتی خۆشیدا هه‌موو كه‌س ده‌توانێت به‌ڵێن بدات، به‌ڵام ده‌بێت له‌ بیرمان بێت كێ بوو له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا به‌رگریی له‌ خاك و نیشتمان كرد، له‌ پیشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان به‌رگرییان كرد، بێگومان ئه‌وه‌ پارتی بوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و كاته‌ی كوردستان كه‌وته‌ به‌ر شاڵاوی هێرشی دڕندانه‌ی داعش، خوشك و براكانی ئێوه‌، پێشمه‌رگه‌كانی پارتی پێش هه‌موو كه‌س له‌ پیشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان بوون، به‌ هاوكاری تێكۆشه‌ره‌كانی دیكه‌، پارتی پێشه‌نگی ئه‌و تێكۆشان و خه‌باته‌ بوو و له‌ رێگه‌ی تێكشكاندنی ئه‌و رێكخراوه‌ دڕنده‌یه‌، توانی كورد به‌ هه‌موو دنیا بناسێنێت.
روونیشی كرده‌وه‌، خوێنی ئێمه‌ له‌ خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئاڵتر نییه‌ كه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ رشتوویانه‌ و هه‌موومان قه‌رزاری شه‌هیدان و خه‌باتی قوربانیدانی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ین كه‌ تا ئێستاش له‌ سه‌نگه‌ردان، ناكرێت له‌سه‌ر حیسابی ره‌نج و خوێنی پێشمه‌رگه‌ و قوربانیدانی خه‌ڵكی كوردستان، خه‌ڵكی دیكه‌ بێن و خۆیان بكه‌نه‌ خاوه‌ن.
مه‌سروور بارزانی، راشیگه‌یاند، ئه‌و كاته‌ی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی و بارزانی له‌ خه‌بات و به‌رگریدا بوون، لایه‌ن هه‌بووه‌ ئه‌ندامه‌كانی هانداوه‌ په‌یوه‌ندی به‌داعشه‌وه‌ بكه‌ن، ئیستاش داوای ده‌نگی ئێوه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵگه‌ش هه‌یه‌ خه‌ڵكیان هانداوه‌ و پشتگیریان كردوون بۆ دژایه‌تیكردنی خه‌ڵكی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ داعش بكه‌ن، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه‌ وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌ و پێیان بڵێن ناتوانن یه‌ك ده‌نگی ئێمه‌ش ببه‌ن و ئێوه‌ كه‌سانی ویستراو نین.
هه‌روه‌ها گووتی: "ئه‌وه‌ی رۆژێك ئاماده ‌نه‌بووبێت سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ماڵه‌ پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید و برینداربكات، شایسته‌ی ئه‌وه‌ نین ده‌نگیان پێ بده‌ن".
گووتیشی، له‌ هه‌موو ساته‌كاندا ته‌حه‌موولی هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌ك ده‌كه‌ین، له‌ خۆشی و ناخۆشیدا، ئێمه‌ خاوه‌ن سه‌رۆكێكین له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌ریگری چه‌ندین شه‌و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا بووه‌ و ماوه‌ته‌وه‌، خاوه‌ن سه‌رۆكێكین كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا كه‌رامه‌ت و گه‌وره‌یی ئێوه‌ی لا مه‌به‌ست بووه‌، ئێمه‌ خاوه‌ن رێبازێكیشین ئه‌وه‌ی كردوومانه‌ له‌ پێناو ئێوه‌دا بووه‌ و رۆژێكیش سه‌ر شۆڕی قه‌بووڵ نه‌كردووه‌.
روونیشیكرده‌وه‌، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگی ئێوه‌ بڕیارده‌ره‌، ده‌بێت نوێنه‌رانی پارتیش بچنه‌ به‌غدا، به‌ر له‌وه‌ی بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی هیچ په‌یامێكی هه‌ڵبژاردن و هیچ شیعارێك، پێویسته‌ بوه‌ستن و بیربكه‌نه‌وه‌، ئایا ئێوه‌ ئاماده‌ن ده‌نگ به‌ لایه‌نێك بده‌ن، سبه‌ی خۆتان دڵنیان و ده‌زانن كه‌ ناتوانن ساتێكیش به‌رگری له‌ ماف و ده‌نگی ئێوه‌ بكه‌ن، خۆتان ده‌بێت هه‌ڵبژێرن، گوێ مه‌ده‌نه‌ هیچ په‌یامێكی هه‌ڵبژاردن و حزبی، خۆتان ده‌بێت بزانن و سه‌یری كرده‌وه‌ی ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ بكه‌ن، بزانن كێ به‌ كرده‌یی له‌ به‌ره‌ی ئێوه‌ بووه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ قسه‌، كێ بووه‌ متمانه‌تان پێی كردووه‌ و له‌ پێناو ئێوه‌ تێكۆشاوه‌ ده‌بێت ده‌نگی پێ بده‌ن.
مه‌سروور بارزانی گووتی: "ئێمه‌ خاوه‌ن حزبێكین تا بڵێی یه‌ك ده‌نگه‌، یه‌كڕیزه‌ و خاوه‌ن یه‌ك په‌یامه‌، خاوه‌ن یه‌ك سه‌رۆكه‌، جیاوازی پارتی له‌وه‌دایه‌، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ په‌رته‌وازه‌بوون و ئه‌زمه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی نه‌توانێت نێوماڵی حزبه‌كه‌ی خۆی رێكبخات، چۆن نێوماڵی كوردستان رێكده‌خات؟".
دووپاتیشی كرده‌وه‌، داواتان لێده‌كه‌م، به‌رپه‌رچی ئه‌و خائینانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ دژایه‌تی ریفراندۆم ده‌كه‌ن، خیانه‌تیان كرد و كه‌ركووكیان فرۆشت، به‌ ده‌نگه‌كانتان بۆ پارتی و كاندیدانی وه‌ڵامییان بده‌نه‌وه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و لایه‌نانه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا هانی مامۆستیانیان ده‌دا بایكۆت بكه‌ن و دكتۆر نه‌چێته‌ ده‌وام، بیرتان نه‌چێت ئه‌و مامۆستایه‌ وانه‌ به‌ منداڵه‌ شه‌هید ده‌ڵێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خه‌می مامۆستایانه‌ ئه‌ی چۆن خه‌می منداڵه‌ شه‌هیدیان نییه‌ كه‌ وانه‌ی پێ بگوترێته‌وه‌، دكتۆرێك كه‌ هانده‌درێت نه‌چێته‌ ده‌وام و هه‌ژارێك چاوه‌ڕێی ده‌كات چاره‌سه‌ری بۆ بكات، ئه‌گه‌ر خه‌می ئه‌و هه‌ژاره‌ نه‌خۆشه‌یان نه‌بێت چۆن خه‌می دكتۆریانه‌؟".
مه‌سروور بارزانی گووتی: "ده‌مانه‌وێت هه‌موو كوردستان به‌ یه‌كه‌وه‌ سه‌ر به‌رزبێت و خاوه‌ن یه‌ك وڵاتی ئازاد و سه‌رفراز بێت".
هه‌روه‌ها گووتی: "یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور بوو، وه‌ك ماده‌ی 140 و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت، نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ چه‌ندین جار بووه‌ته‌ قوربانی له‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و هێرشی ناڕه‌وای دیكه‌ش، به‌ گوێره‌ی ماده‌ی 32ی ده‌ستووری عێراق ده‌بێت ته‌واوی قوربانییان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رانمانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی به‌غدا ده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت چیان كردووه‌ و چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوربانی و شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه‌".
هه‌روه‌ها گووتی: "ته‌نها پارتی ده‌توانێت به‌رگری له‌ مافی ئێوه‌ بكات، لایه‌نی دیكه‌ هه‌بووه‌ چووه‌ داوای كردووه‌ فشار بخرێته‌‌ سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی شكست بهێنێت، داوای كردووه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببڕێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ بڵێن حكوومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت مافه‌كانی به‌دی بهێنێت، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ پارتی كراوه‌ته‌ ئامانج".
مه‌سروور بارزانی گووتی: "داواتان لێده‌كه‌م به‌ر له‌وه‌ی بڕیار بده‌ن بیربكه‌نه‌وه‌، بزانن متمانه‌تان به‌ كێیه‌ له‌ داهاتوو سه‌ركردایه‌تیتان بكات كه‌ بێگومان پارتییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی را و بڕیاری ئێوه‌ بگاته‌ شوێنی خۆی، خۆتان و هاوڕێیانتان بچنه‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆتان به‌ پارتی بده‌ن، بڕوا به‌ خه‌ڵكی دیكه‌ش بهێنن، ده‌نگ بده‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌نگ نه‌ده‌ن، خه‌ڵكی دیكه‌ له‌ بڕی ئێوه‌ له‌ رێگه‌ی دیكه‌وه‌ ده‌نگ ده‌دات".
گرنگه‌ هه‌موو تاكێكی ئێوه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دووپاتی بكه‌نه‌وه‌ سوورن له‌سه‌ر مافی چاره‌ی خۆنووسین و له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رانه‌وه‌ له‌ به‌غدا به‌رگریتان لێده‌كه‌ن و له‌ ئاستی متمانه‌ی ئێوه‌دا ده‌بن.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر رێگه‌ و په‌روه‌رده‌ی پارتی و بارزانی بێت، خاوه‌نی سه‌رۆك بارزانییه‌، راستگۆ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئێوه‌ و له‌ به‌غداش به‌رگریتان لێده‌كات و له‌ هه‌مووان زیاتر له‌ خه‌می ئێوه‌دایه‌.. جارێكی دیكه‌ش داوا ده‌كه‌م ده‌نگ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌بن.

Tuesday, April 24, 2018

ئەمەریکا پشتگیریی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات


مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال پاول فانک و شاندی یاوەری، کە پێکهاتەیەکی دیپلوماسی و سەربازی بوو کرد.
لەم دیدارەدا دوا رەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە بواری جیاجیادا تاوتوێ کران.
لە میانەی دانیشتنەکەدا شاندی ئەمەریکی دووپاتیان کردەوە کە وەک کیانێکی دەستووری پشتگیری لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکەن و خوازیارن پەیوەندییەکانیان لە گەل هەرێمی فراوانتر و بەهیزتر ببێت.
لە بارەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی کردەوە تیرۆریستیەکان، شاندی ئەمەریکی پشتگیریی خۆیان بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقیەکان دووبارە کردەوە و رایانگەیاند کە خوازیارن ئەو هەماهەنگیانە لە گشت ناوچەکان پەرەیان پێ بدرێت.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی جەختی لە سەر پێویستیی  هاوکاریی هەمە لایەنە کردەوە تاکو هەرچی زووتر زەمینەی لەبار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە برەخسێت و بە چارەسەریی کێشە سیاسی و ئیداری و دەستوریەکان هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بنبڕبکرێن. 

Sunday, April 22, 2018

مەسرور بارزانی دەبێت پرۆسەی سیاسی عێراق بگەڕێتەوە سەر رێگە دروستەکەی



مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه و ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئاینده‌ ده‌كات نه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان.

لێدوانه‌كه‌ی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ جوانه‌‌ لاونس باڵیۆزی نوێی ئوسترالیا له‌ عێراق هات و راشیگه‌یاند، پێویسته‌ رێز له‌ داخوازی و مافی گشت پێكهاته‌كانی عێراق بگیردرێت و دووپاتی له‌ گرینگی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌ كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ جوانه‌ لاونس له‌ پۆسته‌ نوێكه‌یدا خواست و پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ئه‌و پاڵپشتی و هاوكاریانه‌ی ئوسترالیا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعشدا پێشكه‌شی كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ‌ پرۆسه‌ی سیاسی و میكانیزم و ئاسته‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عێراق، مه‌سروور بارزانی جه‌ختی له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق بۆ سه‌ر رێگه‌ی دروست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ رێز له‌ داخوازی و مافی گشت پێكهاته‌كانی عێراق بگیردرێت و دووپاتی له‌ گرینگی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌ كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه و ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئاینده‌ ده‌كات نه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان.

له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی نوێی ئوسترالیا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرینگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پشتگیری له‌ فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات.

Saturday, April 21, 2018

مەسرور بارزانی: پێویستە هاوکاریی زیاتری پێشمەرگە بکرێت



مه‌سرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پێویستیی ده‌زانێت پاڵپشتیی و هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەک هێزێکی دەستووریی و کارای مەیدانیی ناوچەکە بكرێت.

له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ، جەنەراڵ وۆلتر پایێت  فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندی یاوەر، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19/4/2018 به‌ڕێوه‌چوو، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، فراوانبوونی چالاکیی تیرۆریستانی لە هەندێ ناوچەی سووریا و عێراق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە زەنگێکی مەترسی زانی و ئاماژەی بە ئەوەكرد، پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەماهەنگی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوەببرێت و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەرچی زووتر کار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بکرێت".

هه‌وره‌ها دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی دوولایەنە لە پێناو رێگری لە سەر هەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌.

لە بەرامبەردا فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان، رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە کاریگەر پیناسە کرد و دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکاریی و مەشقی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.


Chancellor Masrour Barzani met today with Major General Walter Piatt of Operation Inherent Resolve a

Sunday, April 15, 2018

مەسرور بارزانی پێویسته‌ یه‌كتر قبوڵ بكه‌ین 15-4-2018



مه‌سروور بارزانى: پێویسته‌ ته‌واوی پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان و مافه‌ داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابینبكرێن


مه‌سروور بارزانى: پێویسته‌ ته‌واوی پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان و مافه‌ داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابینبكرێن


مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ پێشوازیی لە جەنەراڵ برێتلی بێكه‌ر سه‌رۆكی نووسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاسایشی عێراق له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق و شاندی یاوەری کرد و رایگه‌یاند، له‌پێناو به‌دیهاتنی ئاشتی و سه‌قامگیری پێویسته‌ یه‌كتری قبوڵ بكه‌ین و گفتوگۆی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان بكه‌ین.

لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و بەردەوامیی هەماهەنگی هەردوولا لە جەنگی دژ بە تیرۆر و پێشخستنی هه‌ماهه‌نگییه‌ دوولایەنەکان گفتوگۆیان لەسەر کرا.

له‌وباره‌وه‌ راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، به‌پێی ده‌ستوور پێشمه‌رگه‌ هێزێكی ده‌ستوورییه‌ و  پێویسته‌ ته‌واوی پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان و مافه‌ داراییه‌كانی بۆ دابین بكرێت.

په‌یوه‌ند به‌ جێبه‌جێكردنی مافه‌كان مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركه‌ ده‌ستوورییه‌كانی جێبه‌جێكردووه‌، له‌به‌رامبه‌رداپێویسته‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانیشی جێبه‌جێ بكرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا باس له‌ میكانیزمی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور كرا و ئاماژه‌ به‌وه‌ درا، كه‌ بە چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکان ده‌توانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە دەڤەرەکە لەناو ببردرێت.



له‌لای خۆیه‌وه‌‌ جه‌نه‌ڕاڵ برێتلی بێكه‌ر دووپاتی له‌ به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمان كرده‌وه‌ و رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی له‌ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش به‌رزنرخاند.

باسكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و میكانیزمی بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.



Wednesday, April 11, 2018

مەسرور بارزانی ئاسایش لە ھەرێمی كوردستان بەرقەرارە



 مەسرور بارزانی  ئاسایش لە ھەرێمی كوردستان بەرقەرارە

له‌ میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ماركس ریته‌ر، به‌رپرسی نووسینگه‌ی تیمی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ چاكسازی له‌ بواری ئاسایش له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11/4/2018 به‌ڕێوه‌چوو، مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رقه‌راره‌ و له‌چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق جیاوازه‌".

هه‌روه‌ها ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی نیشاندا بۆ هه‌ر هاوكاری و مامه‌ڵه‌كردنێك به‌ مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له‌ یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكیه‌كان و ئامۆژگاری تیمی ناوبراو و گووتی: "له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازین سوود له‌ ئه‌زموونی ئێوه‌ وه‌ربگرین بۆ چۆنیه‌تی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منیه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سیڤله‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌كه‌یان بۆ خواستن".

له‌دیدارێكدا، كه‌ "كلاریس پاستۆری" به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی میكانیزمی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منیه‌كان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سیڤلیش كراوه‌.

ماركس ریته‌ر پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌ركی تیمی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا بۆ چاكسازی له‌ بواری ئه‌منی له‌ عێراق  و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان باسكرد و رایگه‌یاند: "‌كاری ئه‌وان بۆ ته‌واوی عێراقه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی ته‌كنیكی و ئامۆژگاری بۆ رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ستراتیژیی‌ له‌ بواری ئه‌منی له‌ عێراق".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاشكرای كرد، كه‌ له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ و پێیانخۆشه‌ له‌ ئاینده‌دا له‌ بواری ئه‌منی و رێكخستنه‌وه‌دا هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

Tuesday, April 10, 2018

مەسرور بارزانی خواستی هەرێمی کوردستان جێبەجێكردنی دەستوورە



لە میانی دیدارێكیاندا لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، مه‌سرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خواستی هەرێمی کوردستان پابه‌ندبوون و جێبەجێکردنی دەستوورە، وه‌ك رێگه‌چاره‌ی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری لە عێراق.

ئەمرۆ 10/4/2018 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مه‌كسیم ماكسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و شاندی یاوه‌ری کرد. لە دیدارێكدا، كه‌ به ‌ئاماده‌بوونی ڤیكتۆر سیماكۆڤ، كونسوڵی گشتی رووسیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، بیروڕا له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئالۆگۆڕكرا و هەردوولا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستان و رووسیا له‌ گشت بواره‌كان کردەوە.

لە بارەی هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه ‌و گرفته‌كان و دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، باڵیۆزی رووسیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەربڕی و ئاواتی خواست هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم بە سەرکەتوویی بەڕێوە بچن و ببن بە دەسپێکی قۆناخێکی نوێ بۆ چارەسەری گشت کێشەکان.

پەیوەند بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی دواتر كرد، کە وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ لیست و لایه‌نێك نییه‌ و جه‌ختی له‌ گرینگی رێزگرتن و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویستە هەوڵبدرێت دۆخی عێراق بە جۆرێك ئاسایی بکرێتەوە کە گشت پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن و دووپاتی کردەوە کە خواستی هەرێمی کوردستان پابه‌ندبوون و جێبەجێکردنی دەستوورە، وه‌ك رێگه‌چاره‌ی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری.

لە بارەی جەنگی دژەتیرۆرەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هێشتا هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و به‌م دواییه‌ش چالاكییه‌كانیان له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌.