Tuesday, January 30, 2018

مەسرور بارزانی سەپاندنی گۆڕانکاریی دیموگرافی لە هیچ ناوچەیەک قبوڵ ناکرێت




مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مەتران نیکۆدیمۆس داود شەرەف، مەترانی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی سریانی لە هەرێمی کوردستان و موسڵ و کەرکووك کرد.

لەم دیدارەدا دوا دۆخی ناوچەکە و بە تایبەت دەشتی نەینەوا و رەوشی ئاوارە کریستانەکانی دەشتی نەینەوا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

مەتران داود شەرەف سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، کە هەمیشە پاڵپشت و پەناگەی کریستانەکان لە عێراقدا بووە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەو گۆشارانەی لە سەر هەرێم هەن کۆتاییان پێ بهێنرێت و ئاشتی و ئارامی بۆ تێکڕای ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە.

هەر لە پەیوەندی بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە لە هیچ بارودۆخێکدا کەلتووری لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لە کوردستاندا گۆڕانکاری بەسەردا ناهێت و هەرێمی کوردستان هەمیشە ناوەندی پێکەوە ژیانی گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە.

لە بارەی رەوشی دەشتی نەینەوا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە هەندێ هەوڵی ئاشکرا لە ئارادان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە و کەشێک دروستکراوە کە برا کریستانەکان ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا بەجێ بهێڵن. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی ئەم هەوڵانە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی تەعریبی ناوچە کوردستانیەکانی دیکەیە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێن و پاڵپشتیمان بۆ برا کریستانەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچەکانیان و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە گەل سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا.

Wednesday, January 24, 2018

مەسروور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق کرد


ئوسترالیا پشتگیریی له‌ هەرێمی کوردستانی پێشکەوتوو و یەکگرتوو ده‌كات
کریستۆفێر لانگمان باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق رایگه‌یاند: "وڵاته‌كه‌ی پشتگیریی له‌ هەرێمی کوردستانی پێشکەوتوو و یەکگرتوو ده‌كات".

ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ 24/1/2018  مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق، له‌ میانی دیدارێكدا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئۆسترالیا کردەوە و باڵیۆزی ئۆسترالی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستانێکی پێشکەوتوو و یەکگرتوو دووپات کردەوە.

 لە بارەی دانووستانەکانی هەولێر و بەغدا، باڵیۆزی ئۆسترالیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەربڕی و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ مافە دەستوریەکانی هەرێم دووپات کردەوە. هەروەها ناوبراو ئاواتی خواست کە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم بە سەرکەتوویی بەڕیوە بچن و ببن بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە "پێویستە هەرچی زووتر هەوڵ بدرێت دۆخی عێراق بە جۆرێک ئاسایی بکرێتەوە کە گشت پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن و لە کەشێکی ئاساییدا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن". مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە کە، خواستی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردنی هەموو دەستوورە بە تایبەت مادەی 140".

 لە بارەی جەنگی دژەتیرۆرەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم گوتوویه‌تی: "هێشتا هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە ریشەکێشکردنی ئەم هەڕەشانە بەردەوام دەبێت".

Monday, January 15, 2018

مەسروور بارزانی ئەم رەوشە سەپێندراوە دەستپێکردنەوەی تەعریبە



مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە ھەرچی زووترە دۆخی كەركووك و خورماتوو ئاسایی بكرێتەوە، ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانی لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد.

 لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوو لا جەختیان لە سەر پتەوترکردنی پەیوەندیە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا کردەوە.

 باڵیۆزی بەریتانی پشتگیریی خۆی بۆ دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپات کردەوە و جەختی لە سەر پێویستیی هەرچی زووتر بە ئەنجام گەیشتنی ئەو گفتوگۆیانە کردەوە. هەروەها ئاواتی خواست هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق لە میانەی ئەمساڵەدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچن.

 لە میانەی ئەم دیدارەدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاماژەیەکدا بۆ دۆخی ئێستای کەرکووك و خورماتوو رایگەیاند، کە ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و پێویستە بە هاوکاری هەموو لایەك هەرچی زووترە ئەو کردارانە رابگیرێت و دۆخی ئەم ناوچانە بە رەچاوکردنی دەستوور ئاسایی بکرێتەوە.

 راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتیکردەوە کە هەڵەکانی بەغدا هۆکاری دروستبوونی بێ متمانەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراقە و تا ئەو عەقڵیەتەی حوکمڕانیی بەغدا بەم شێوەیە بمێنێت زەمینەی سەرهەڵدانی کێشە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت و بۆشاییەکی لەبار بۆ گەشەکردنی بیری توندڕۆیی دەرەخسێتەوە، بۆیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کێشەکان پێویستە متمانە و دڵنیایی بۆ گشت پێکهاتەکان بگەڕێندرێتەوە.