Monday, December 11, 2017

مەسروور بارزانی: هێشتا بەغدا رێکاری سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەلاوە نەناوە




مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانیەکانیش لەم رۆژانەدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی سەربازییان بۆ یەکلاکردنی کێشەکان بەلاوە نەناوە، ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەڕەشە لە سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە درووست دەکه‌ن. له‌ كاتێكدا هەرێمی کوردستان خوازیارە هەرچی زووتر دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبکاتەوە و گوشار و ئابلوقەکانی سەر هەرێم لابدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/12/2017 له‌ میانی دیدارێكی نێوان مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و سیریل نۆن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری، دواین رەوشی دەڤەرەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوی كراون.

پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی ئەڵمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستانەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپاتکردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "هەوڵەکانمان بۆ ده‌ربازكردنی رەوشەکە لەم چەقبەستووییەی ئێستا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ تا  به‌کردەوە دانوستانەکان دەست پێبکات".

هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق گوتوویه‌تی: "ئەڵمانیا پشتگیریی هەرێمێكی کوردستانی بەهێز و پێشکەوتوو و ده‌سته‌به‌ربوونی مافە دەستووریەکانی کوردستان لە عێراقدا دەکات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا مەسرور بارزانی، رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتگیریی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان به‌رز نرخاندووه‌و جەختی لە سەر کاریگەریی رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق کردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی: "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەڵەکانی رابردوو لە عێراقدا دووبارە نەکرێنەوە، چونکە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و زەمینە بۆ گەشەکردنەوەی تیرۆر دەرەخسێنێتەوە، ئەمەش کێشەی زیاتری بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە".

Tuesday, December 5, 2017

مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت



مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت

ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پایڤی لاینێ باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ کران. لە بارەی رەوشی نێوان هەولێر و بەغداوە باڵیۆزی فنلەندا وتی: پەیامی ئەوروپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆیە تاکو گشت ناکۆکيیەکان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەستپێبکات.



مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێکارە سەربازیيەکان و توندوتیژیی رەتکردووه‌تەوە و پەنای بۆ ئامراز و رێگە دیموکراتیکەکان بردووە کە ریفراندۆمیش یەکێک بووە لەمانە، بەڵام بەداخەوە لەم دەڤەرەدا هێشتا زەمینەی قبوڵ کردنی ئەم ئامرازانە لەبار نیە.



مەسرور بارزانی ئاواتی خواست کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکار بن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەی سەرهەڵدانی توندووتیژی لەناو ببردرێت. لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی کە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاولاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات.

Monday, December 4, 2017

مه‌سرور بارزانى: به‌غدا تا ئێستا بۆ گفتوگۆ هه‌نگاوى كرده‌يى نه‌ناوه‌



ئەمرۆ 4-12-2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یان کۆبیش نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لەم دیدارەدا دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا. لەم بارەیەوە یان کۆبیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەسەریی گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت. نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارەسەر بکرێن.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە ئەوە دا کە لە پێناو دەست پێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسیەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاوڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەرێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیەک و بە دیارکردنی کات رێک بخرێت. مەسرور بارزانی وتی لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێ کردنی دەستورە ، بەڵام کۆی دەستوور نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستووریەکانی دەکاتەوە.