ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/6/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان کرد و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، رەوشی ناوخۆی کوردستان، ئەگەر و پێشھاتەکانی دوای کۆتایھاتنی شەڕی داعش کرا.
لە ئاماژەیەکدا بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان باس لەوەکرا، کە خەڵکی کوردستان لەو پرسە پاشگەز نابێتەوە، چونکە سەروەری و سەربەخۆیی تاکە گەرەنتی رزگاربوونی یەکجاری خەڵکی کوردستان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو ستەم و کارەساتەی کە بەسەر کورد ھێنراون.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ھەردوولا جەختیان لە بایەخی کۆدەنگی و یەکڕیزی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەشداریکردنی ھەمووان لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکان کردەوە، بە ئامانجی بەدیھاتنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داھاتوو.
باسکردن لە رێکخستنەوەی زیاتری ھێزی پێشمەرگە بە مەبەستی ئامادە و بەھێزکردنی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
No comments:
Post a Comment