Monday, December 11, 2017

مەسروور بارزانی: هێشتا بەغدا رێکاری سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەلاوە نەناوە




مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانیەکانیش لەم رۆژانەدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی سەربازییان بۆ یەکلاکردنی کێشەکان بەلاوە نەناوە، ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەڕەشە لە سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە درووست دەکه‌ن. له‌ كاتێكدا هەرێمی کوردستان خوازیارە هەرچی زووتر دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبکاتەوە و گوشار و ئابلوقەکانی سەر هەرێم لابدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/12/2017 له‌ میانی دیدارێكی نێوان مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و سیریل نۆن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری، دواین رەوشی دەڤەرەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوی كراون.

پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی ئەڵمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستانەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپاتکردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "هەوڵەکانمان بۆ ده‌ربازكردنی رەوشەکە لەم چەقبەستووییەی ئێستا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ تا  به‌کردەوە دانوستانەکان دەست پێبکات".

هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق گوتوویه‌تی: "ئەڵمانیا پشتگیریی هەرێمێكی کوردستانی بەهێز و پێشکەوتوو و ده‌سته‌به‌ربوونی مافە دەستووریەکانی کوردستان لە عێراقدا دەکات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا مەسرور بارزانی، رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتگیریی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان به‌رز نرخاندووه‌و جەختی لە سەر کاریگەریی رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق کردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی: "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەڵەکانی رابردوو لە عێراقدا دووبارە نەکرێنەوە، چونکە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و زەمینە بۆ گەشەکردنەوەی تیرۆر دەرەخسێنێتەوە، ئەمەش کێشەی زیاتری بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە".

Tuesday, December 5, 2017

مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت



مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت

ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پایڤی لاینێ باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ کران. لە بارەی رەوشی نێوان هەولێر و بەغداوە باڵیۆزی فنلەندا وتی: پەیامی ئەوروپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆیە تاکو گشت ناکۆکيیەکان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەستپێبکات.



مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێکارە سەربازیيەکان و توندوتیژیی رەتکردووه‌تەوە و پەنای بۆ ئامراز و رێگە دیموکراتیکەکان بردووە کە ریفراندۆمیش یەکێک بووە لەمانە، بەڵام بەداخەوە لەم دەڤەرەدا هێشتا زەمینەی قبوڵ کردنی ئەم ئامرازانە لەبار نیە.



مەسرور بارزانی ئاواتی خواست کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکار بن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەی سەرهەڵدانی توندووتیژی لەناو ببردرێت. لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی کە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاولاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات.

Monday, December 4, 2017

مه‌سرور بارزانى: به‌غدا تا ئێستا بۆ گفتوگۆ هه‌نگاوى كرده‌يى نه‌ناوه‌



ئەمرۆ 4-12-2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یان کۆبیش نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لەم دیدارەدا دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا. لەم بارەیەوە یان کۆبیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەسەریی گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت. نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارەسەر بکرێن.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە ئەوە دا کە لە پێناو دەست پێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسیەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاوڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەرێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیەک و بە دیارکردنی کات رێک بخرێت. مەسرور بارزانی وتی لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێ کردنی دەستورە ، بەڵام کۆی دەستوور نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستووریەکانی دەکاتەوە.

Sunday, November 19, 2017

مەسرور بارزانی پشتيوانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دانووستانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ گرنگ ده‌زانين



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جۆناتان ویلکس باڵیۆزی نوێی بەریتانی لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە میانەی ئەم دیدارەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندیيەکانی هەرێم و بەریتانیا تاوتوێکران و باڵیۆزی بەریتانی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەیان پاڵپشتی لە مافە دەستوریيەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشکەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بە خۆیەوە ببینێتەوە.

باڵیۆزی بەریتانی لە ئاماژە بە دوا رەوشی پەیوەندیيەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتی دانوستانێکی ئاشتیانە لە سەر بنەمای دەستور بۆ چارەسەریی گشت کێشەکانی نێوان هەردوولا دووپاتکردەوە.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێێ بەریتانیا خواست و جەختی لە بەردەوامی و بەهێزترکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردەوە. لە  بارەی دوا رەوشی دەڤەرەکە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پێگیریی هەرێمی بە بەشداری لە هاوپەیمانیی جەنگی دژی تیرۆر دووپات کردەوە و ئاواتی خواست بە چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکان و ره‌واندنەوەی گرژیيەکان بتوانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە دەڤەرەکە لەناو ببردرێت.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی ئاشتیانەی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەریی کێشەکان بە گرنگ زانیی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر بەغدا بە ڕێز گرتن لە دەستور وەڵامی ئەرێنیی بۆ هەوڵەکانی هەرێم لە پێناو دەستپێکردنی گفتوگۆ هەبێت.

Friday, November 17, 2017

مەسرور بارزانی پێشوازی لە برێت مکگۆرك و شاندێکی یاوەری کرد 18-11-2017



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برێت مەکگورک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش کرد.

‎لە میانەی دیدارەکەیاندا برێت مەکگورک لە پەیوەندی بە دوا پەرەسەندنە سەربازی و گرژیەکانی نێوان هەولێر وبەغدا رایگەیاند، کە ئەمەریکا هەرجۆرە پەنا بردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان رەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژیيەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوو لا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

برێت مەکگورک هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی دەستوری دووپاتکردەوە و گوتی: خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستور لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندیيەکانی هەرێم و ئەمەریکا کردەوە.

‎لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای جەختکردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کەهەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێستاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووتر بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە ئاماژە بە دوا گرژیە سەربازیەکان گوتی: جێبەجێکردنی دەستور بە ئامرازە نادەستوریەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.

Thursday, November 16, 2017

مەسروور بارزانی: لە دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا نیگەرانین



مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان  رایگه‌یاند: "بەرامبەر ڕەوشی کریستیانه‌کانی دەشتی نەینەوا و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت نیگه‌رانین و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر بەم کردەوانە بێدەنگ نابێت".

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 16/11/2017 له‌ كاتی پێشوازیكردنی له‌ "بەشار مەتی وەردە"، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر، مه‌سروور بارزانی، پاڵپشتیی تەواوی بۆ داواکاریەکانی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ده‌ربڕی و گووتی: "هەموو رێکارە یاسایی ودەستووریەکانیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر و هیوایخواست، کریستیانەکان خۆراگربن و وڵات بەجێ نەهێڵن و رێگری لەو پیلانانە بکەن کە ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکانیانە".

له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی هەولێر باسی پەرەسەندنەکانی ئه‌و ناوچانه‌ی كرد كه‌ كریستیانه‌كانی تێدا ده‌ژین، بە تایبەت رەوشی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا و ئاماژەی بەوە دا کە "ئەم رەوشەی ئێستای دەشتی نەینەوا بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارە کریستیانەکان نەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەرێنەوە. هەروەها ئەو ئابڵوقە ئاسمانیەی سەر هەرێمیش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ڕابگیرێت".

مەتران وەردە، دوپاتی کردەوە، کە "تاکە ناوچەی ئارام بۆ کریستیانەکان هەرێمی کوردستانە و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر پاڵپشتی لە هەرێم و کریستانەکان بکەن".

Monday, November 13, 2017

مسرور بارزانی: پێویسته‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵێکی کاراتری هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان



باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا له‌ به‌غدا، پاڵپشتیی یەکێتی ئەوروپای بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنی دیالۆگێکی راستەوخۆ له‌نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای دەستور دەربڕی و هیوای خواست به‌زوویی گرژیەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان پێ بهێنرێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە رامۆن کاساس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا کرد. له‌ دیداره‌كه‌دا دواڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، گهوتوویه‌تی: "پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی و لە بنەڕەتدا چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەمیشە لە بازنەی ئەو نادادپەروەریە مێژووییانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا دەکرێت نەسووڕێینەوە".

هه‌روه‌ها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئامادەیی هەرێمی بۆ چارەسەریی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دووپات کردووەته‌وه‌و جەختی لەوە کردەوە کە، هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبوڵ ناکات و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی لەمپەرەکانی بەردەم گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لابدرێن و بەر لە گرژییی زیاتر لە دەڤەرەکەدا بگیرێت.

Friday, November 10, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە جێگری بالیۆزی ئوستورالیا لە عێراق کرد 9 11 2017



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ "تیم ستێیپۆلتن" جێگری باڵیۆزی ئۆستراڵیا لە عێراق كۆبوه‌وه‌و پەیوەندییه‌كانی نێوان هەرێم و ئۆسترالیایان تاوتوێ کرد.

لە بارەی گرژیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا شاندی ئۆسترالی پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دەربڕی.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێم هەمیشە خوازیاری ئەوە بووە بە رێگەی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکات و ئەنجامدانی ریفراندۆمیش یەکێ لەو رێکارە دیموکراتیک و ئاشتیانە بووە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە تەبایی و یەکڕیزی ئەم دۆخەش تێپەڕ دەکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی دابین دەکات.

Wednesday, November 8, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نێردەی تایبەتی وڵاتی نەرویج بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست کرد


ئەمرۆ8/11/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (کنوت لێن) نێردەی تایبەتی وڵاتی نەرویج بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست و شاندی بالیۆزخانەی نەرویج لە بەغدا کرد.
لەم دیدارەدا پەیوەندیەکانی نەرویج و هەرێم و دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و شاندی نەرویجی پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای جێبەجێ کردنی دەستور دووبارە کردەوە و ئاواتیان خواست هەرچی زووتر گرژیەکان کۆتایی پێ بهێنرێن و هەردوولا خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانی و گەشەپێدانی وڵات ئامادە بکەن.
پەیوەست بەم بابەتە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر هەڵوێستی هەرێم بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دووبارە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە کاردانەوەکانی بەغدا لە بەرامبەر ریفراندۆم نادەستورین و دەرخەری نیازخراپیی هەندێ گروپ و لایەنە لە بەغدا لە بەرامبەر کۆی سیستەمی دەستوری و سیاسیی ئێستای عێراق.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دوپاتی کردەوە کە رێکاری سەربازی بەرامبەر بە هەرێم هیچ ئاکامێکی نابێت و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات بۆیە دەبێ بەغدا دانوستانی بێ مەرج لە سەر بنەمای دەستور قبوڵ بکات و کۆی دەستور جیبەجێ بکرێت نەک تەنیا چەند بڕگەیەک کە لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و لە خزمەت ئامانجی لایەنێکی کێشەکەدایە.


MAsrour Barzani peshwazi la Balyozi UK la iraq krd 1 11 2017




‎لە رێکەوتی  1/11/2017مەسرور #بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە فرانک بێیکر 
‎بالیۆزی بەریتانیا و شاندی یاوەری کرد.
‎لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر دوا پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێمی #کوردستان وبەغدا کرا و باڵیۆزی بەریتانی نیازی خۆی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی ولاتەکەی لە گەل هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاواتی خواست کە هەرچی زووتر جوڵە سەربازیەکان کۆتایی پێ بهێنرێت و هەولیر و بەغدا لە سەر مێزی گفتوگۆ بە پێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن.
‎راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە پەیوەست بە هێرشی سەربازیی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە ئاماژەی بە ئەوەدا کە نزیکەی سەدەیەکە لە عێراقدا هێزی سەربازی بۆ سەرکوتکردنی خواستی کورد بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەو کردارانە بێ ئەنجام بووە، بۆیە پێویستە بەغدا لە جیاتی سەپاندنی هێز بیر لە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بکاتەوە.
‎هەروەها #مەسروربارزانی ئاماژەی بە ئەوەدا کە لە بەغدا زۆر باسی جێبەجێ کردنی دەستور دەکرێت، بەڵام ئەو رێکارانەی لە بەرامبەر هەرێم دەگیرێنە بەر سیاسین و پێشێل کردنی زەقی دەستوورە، ئەگەر بڕیاریشە دەستور جێبەجێ کرێت پێویستە هەموو دەستور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
‎راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاواتی خواست کە هەرچی زووتره‌ دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا لە بواری سەربازیەوە بۆ بواری سیاسی و ئیداری بگوازرێتەوە و کۆتایی بەو گرژیانەی ئێستا بهێنرێت.


Masrour barzani peshwazi la balyozi france u almanya la iraq krd

Wednesday, September 27, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ گرووپی گشت لایه‌نه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا APPG)) کرد





لە رێکەوتی 27/9/2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ گرووپی گشت لایه‌نه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا APPG))، كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی (جاك لۆپرێستی) بۆ چاودێریكردنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هاتبوونه‌ كوردستان، رایگه‌یاند، پێویسته‌ جیهان رێز له‌و ویسته‌ی گه‌لی كوردستان بگرێت، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ به‌هه‌موو جیهانی راگه‌یاند.

له‌دیدارێكدا شاندی میوان باسی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پرۆسه‌كه‌ زۆر به‌ باشی به‌ڕیوه‌چوو، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا هه‌موو هه‌وڵی خۆیان له‌ناو په‌رله‌مان ده‌ده‌ن. له‌وباره‌وه‌ (لۆپرێستی) وێڕای پیرۆزباییكردن له‌گه‌لی كوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان وه‌ك به‌ریتانیا پشتگیری له‌ڕای خه‌ڵك و مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لان ده‌كه‌ن و گوتی: ئێمه‌ زۆر به‌و ریفراندۆمه‌ خۆشحاڵ بووین.
له‌لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی دوای ریفراندۆم كرد و داوای له‌ شانشینی به‌ریتانیا و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد رۆڵی خۆیان بگێرن و هانی عێراق بده‌ن ده‌ست بكات به‌ گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و له‌ ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ئیستفزازی دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌پێناو ئاشتی و سه‌قامگیری، كه‌ داوای ئێمه‌ و جیهانی ئازاده‌ و رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان مافێكی سرووستی خۆی پیاده‌ كرد، كه‌ له‌ چارته‌ره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جێگیره‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گووشار له‌ عێراق بكات بۆئه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ یه‌كلابێته‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ جیهان رێز له‌و ویسته‌ی گه‌لی كوردستان بگرێت، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ به‌هه‌موو جیهانی راگه‌یاند.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و به‌رده‌وامیدان و درێژه‌دان به‌ یارمه‌تییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا.

Wednesday, July 12, 2017

هه‌ڤپه‌يڤينی مه‌سرور بارزانى راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان لەگەل K24

مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، هێزه‌كانی‌ دامه‌زراوه‌كه‌ی له‌ سه‌نگه‌ری یه‌كه‌می رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌ جه‌نگی 3 ساڵه‌ی داعشدا، رۆڵێكی فراوانیان له‌ پاراستنی ئاسایشی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ره‌كانی جه‌نگیشدا هه‌بووه‌، به‌رده‌وام نوێنه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بیانیانه‌ش له‌ هه‌موو ئاسته‌كان ده‌بینێ كه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، دوای ره‌وینه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كانی داعش له‌ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ئێستا زیاتر كار له‌ دۆسێی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا ده‌كات.بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی ئه‌مریكا ووڵاتانی دیكه‌ی كردووه‌. له‌ ئاستی ناوخۆییش چه‌ندین كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كۆنفرانسی تایبه‌تی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان سازكردووه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی 12 ی 2016 دا له‌ زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان - دهۆك به‌ به‌شداری شاره‌زایان و كه‌سانی پسپۆڕ و به‌رپرسانی ناوخۆیی و عێراقی و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان "كۆنفرانسی سەربەخۆیی كوردستان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و دەرفەت" بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌و له‌مپه‌ره‌كان سازكرد.
ئێستاش كه‌ له‌ میدیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان قسه‌ له‌باره‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی ناوچه‌كه‌ ده‌كات، زۆرترین قسه‌كانی بۆ باسكردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ته‌رخان ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ له‌م دیداره‌ تایبه‌ته‌ی كوردستان 24، ته‌واوی پرس و باسه‌كان له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی بۆ ئه‌و پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌ ته‌رخانكراوه‌، كه‌ زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 7/6/2017 بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجامبدرێت.
ئه‌م دیداره‌ هاوكاتی ده‌ستپێكردنی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆمی كوردستانیشه‌، كه‌ له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌دا بڕیاریاندا چه‌ند شاندێك بۆ وتووێژ و سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆی كوردستان كه‌ تا ئێستا خۆیان ساغنه‌كردووه‌ته‌وه ‌و عێراق و توركیا و ئیران و وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا پێكبهێنن، ئیستاش شاندێك به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته‌ برۆكسێلی پایته‌ختی به‌لجیكا و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌وروپی گفتوگۆكانیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ستپێبكه‌ن.
راویژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی كوردستان 24 گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌نگ به‌ (به‌ڵێ) ده‌ده‌ن و بڕیاردانی كورد له‌م قۆناغه‌دا به‌ چاره‌سه‌ری زۆرێك له‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان ده‌زانێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه‌تی.
مه‌سروور بارزانی پرسی ریفراندۆم له‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌تریش ده‌بینێت و ده‌ڵێت "ئەم پرسە پرسێكی نیشتمانییە نەك موزایەدە، تەنانەت ناتوانم بڵێم ئەمە پرسێكی نەتەوەییشە چونكە نەتەوەی جیاواز لە كوردستان دەژین و ئاینی جیاواز لە كوردستان ھەیە، ئەمە پرسێكی نیشتمانییە و ھەموو ھاوڵاتییەك مافی ئەوەی ھەیە چارەنووسی خۆی دیاری بكات".
ده‌رباره‌ی كۆده‌نگی و به‌شدارینه‌كردنی هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیش، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتوویه‌تی: "پێمان خۆشە ھەموو لایەنێك بەشدار بێت لەسەر بڕیاری ریفراندۆم و لە پرۆسەكە  كۆدەنگییەكی نیشتمانی ھەبێ، چونكە ئەوە گرینگییەكی زیاتر بە پرۆسەكە دەدات، لەبارەی ئەو لایەنانەشەوە كە داوای كۆدەنگی دەكەن یان دەڵێن كاتەكە گونجاو نییە ، گەر تەماشای وڵاتان بكەیت دەبینی زۆر جار كۆدەنگی نەبووە، بەڵكو كەسانێك داكۆكیان كردووە لەو دۆزە، بە ھەر حاڵ پرسی سەربەخۆیی پرسێكی دیموكراسییە و گەر لایەنێك نەیەوێ بەشدار بكات ئەوە بڕیاری خۆیەتی".
مه‌سروور بارزانی به‌ وردی قسه‌ی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی وڵاتانی جیهان و ئه‌و هۆكارانه‌ كردووه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌و بڕیاره‌ له‌م كاته‌دا و پێی وایه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ریفراندۆم مافێكی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاته‌كه‌ گونجاوه‌و له‌ ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیش هه‌لومه‌رجه‌كه‌ تا راده‌یه‌كی باش له‌ باره‌و پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان بڕیاری خۆیان بده‌ن كه‌ چییان ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هیچ كه‌سێك نه‌ڵێت ئه‌وه‌ بۆچوونی لایه‌نه‌كانه‌ و ببێته‌ خواست و داوكاری خه‌ڵكی كوردستان.
له‌ به‌رگرنگی گفتوگۆكه‌‌ كوردستان 24 ده‌قی ته‌واوی گفتوگۆ ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامى مەکتەبی سیاسی پارتی ديموكراتى كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌. 
هەڤپەیڤین : فەرهاد مەلا رەسووڵ
ئێوە یەكێكن لەو كارەكتەرانەی بە جددی كار لەسەر پرسی ریفراندۆم دەكەن و لە ھەموو كۆڕو كۆبوونەوەیەكدا كارتان بۆ كردووە ئایا پێتان وایە كە ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ئەو ھەنگاوە؟
* پێموایە ھەموو كاتێك پێویستە مرۆڤ وەك مەبدەئێك تەماشای پرسی سەربەخۆیی بكات چونكە ئەوە مافی ھەموو گەلێكە، گەر سەیری پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بكەین دەبینین ئامانج لەو رێكخراوە ڕێزگرتنە لە مافی گەلان و پاراستنی پێكەوە ژیان و مافی چارەنووسە، بۆیە پێموایە ئێستا كاتەكە گونجاوە و رەنگە دواشكەوتبێت.
پرسی گونجاوی كات پەیوەستە بە بەرژەوەندی لایەنەكان، ئێمە پێمانوایە ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ بەرژەوەندی گەلەكەمان و ھەندێك كەسی تریش پێیانوایە ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، بۆیە پێویستە سوود لەم دەرفەتە ببینین و بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین.
- كەسانێك دەڵێن ئێوە ئەم پرسە بۆ موزایەدەی سیاسی بەكاردەھێنن ئایا ئەم پرسە بۆ موزایەدەیە یان پرسێكی نیشتیمانییە؟

* ئەم پرسە پرسێكی نیشتمانییە نەك موزایەدە، تەنانەت ناتوانم بڵێم ئەمە پرسێكی نەتەوەییشە چونكە نەتەوەی جیاواز لە كوردستان دەژین و ئاینی جیاواز لە كوردستان ھەیە. ئەمە پرسێكی نیشتمانییە و ھەموو ھاووڵاتییەك مافی ئەوەی ھەیە چارەنووسی خۆی دیاری بكات. گەر لایەنێك نایەوێت بەشداربێت لەم شانازییە كە ریفراندۆم و ھەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی ئەوا بڕیاری  خۆیەتی، بەڵام ئەمە نە موزایەدەی سیاسییە نە موزایەدەی حزبییە، بەڵكو پرسێكی نیشتمانییە و پەیوەستە بە مافی ھاووڵاتیان.
- ھەندێك كەس دەڵێن ریفراندۆم موزایەدەیە، چونكە رەنگە لەم پرسە پاشگەزببنەوە؟
* بەھیچ شێوەیەك وا نییە، ئەو لایەنانەی كە لە كۆبوونەوەی حەوتی مانگی شەش بەشدار بوون بڕیاریان داوە لە 25 مانگی نۆی ئەمساڵ ریفراندۆم بكرێت و ئەم بڕیارەش پاشگەزبوونەوەی تیادا نییە.

- ھەندێك لە لایەنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نین و پێیانوایە كاتەكەی گونجاو نییە، یان  دەڵێن پێویستە كۆدەنگییەك ھەبێ،  پێتانوایە دەكرێ بەبێ كۆدەنگی ئەم سەربەخۆییە رابگەیەندرێ؟

* پێمان خۆشە ھەموو لایەنەکان بەشدار بن لە ریفراندۆم و لە پرۆسەكە  كۆدەنگییەكی نیشتمانی ھەبێ، چونكە ئەوە گرینگییەكی زیاتر بە پرۆسەكە دەدات، ئێمە ڤیتۆمان لەسەر ھیچ كەس و لایەنێك نەبووە و ئەوانەی بەشدار نەبوون لە بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری خۆیان بووە، ناكرێت ھیچ لایەنێكیش ڕێگری بكات لە بڕیاردانی خەڵك لە چارەنووسی خۆی.
لەبارەی ئەو لایەنانەشەوە كە داوای كۆدەنگی دەكەن یان دەڵێن كاتەكە گونجاو نییە، گەر تەماشای وڵاتان بكەیت دەبینی زۆر جار كۆدەنگی نەبووە، بەڵكو كەسانێك داكۆكیان كردووە لەو دۆزە، بە ھەر حاڵ پرسی سەربەخۆیی پرسێكی دیموكراسییە و گەر لایەنێك نەیەوێ بەشداری بكات ئەوە بڕیاری خۆیەتی، بەڵام سەربەخۆیی بۆ ئەو كەسانەشە كە دەنگیان پێنەداوە.
- كەواتە گەر لایەنێك یان چەند لایەنێكیش بەشدار نەبن ئێوە پاشەكشە ناكەن؟
* بەڵێ، چونكە ریفراندۆم گەڕانەوەیە بۆ رای خەڵك، خەڵك بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم دەدات یان نا، لای ئێمە ریفراندۆم ئامانج نییە، بەڵكو ریفراندۆم ھۆكارێكە بۆ بیستنی رای خەڵك، ئامانجی ئێمەش جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەیە، گەر لایەنێك دەنگ بە سەربەخۆیی نەدات ئارەزووی خۆیەتی، بەڵام ئێمە بڕوامان وایە كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان لایەنگری ئەنجامدانی ریفراندۆمن و دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن.
خەڵكی كوردستان باش دەزانێ كێ لە ماوەی رابردوو بەرگری لە كەرامەت و نیشتمانی خەڵكی كوردستان كرد، پێموایە گەر یەكێك ئامادە نەبووبێ بەرگری لە نیشتمانەكەی بكات چۆن ڕێگە بەخۆی دەدا بڕیار لە چارەنووسی خەڵك بدا، یان چۆن خەڵك رێگە بەوە دەدا كەسانێك بۆ جارێكیش سەنگەرێكی پێشمەرگەیان بەسەر نەكردووەتەوە یان بریندار و شەھیدێكیان بەسەر نەكردووەتەوە دژایەتی ریفراندۆم بكەن یان پروپاگەندەی ئەوە بكەن كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییە.
- ئەو بەربەستانە چین كە دێنە بەردەم مەسەلەی سەربەخۆیی ئایا رێگرییەكان ناوخۆیین یان دەرەكی؟
* بەدرێژایی مێژوو ھەردوو جۆر بەربەست ھەبووە، یان دۆخی نێودەوڵەتی لەبار نەبووە، یان بارودۆخی ناوخۆیی لەبار نەبووە بۆ ئەوەی كورد بە ئامانجی خۆی بگات، بەڵام ئێستا پێمانوایە دۆخەکە لە رووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە لە ھەموو كاتێك لەبارترە، سەرباری ئەو گرفتانەی ھەمانە.
- واتە خەڵك دڵنیابێت لەوەی بەربەستەكان بەربەستی گەورە نین؟
* من پێموایە  نەخێر، راستە كار و ھیمەتی دەوێ، بەڵام گەر خەڵكی كوردستان بڕیار بدات كەس ناتوانێ ڕێگری لەو پرسە بكات.
- ھەندێك دەڵێن بۆ ریفراندۆم پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، كاراكردنەوەی پەرلەمان بەكوێ گەیشت؟
* پێموانییە تەنیا ئەوە كێشە کە بێت بەڵكو پەیوەندی نێوان لایەنەكان و چەند كێشەیەكی ناوخۆیی ھەمیشە بوونەتە جێگەی فشار و چەندین بیانوو ھەن كە ھەمیشە باس دەكرێن، راستە كێشە و قەیرانی نێوخۆییمان ھەیە، بۆ ئێمەش كاراكردنەوەی پەرلەمان گرینگە، بەڵام مافی یەك لایەن نییە خۆی بە داكۆكیكاری كاراكردنەوەی پەرلەمان بزانێ، بەڵكو ئێمە وەك پارتی بە سیفەتی ئەوەی خاوەنی زۆرترین كورسین لە ھەموو لایەنێك زیاتر داكۆكی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەین و پێمانوایە پێویستە كاراكردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی پرسە نیشتیمانییەكان بێت و ناكرێ وەك بابەتێكی حزبی تەماشای بكەین، لە بارەی قەیرانەكانی دیكە دەمەوێ ھەڵوەستەیەك بكەین و تەماشای جیھان بكەین. بڕوانە زۆر وڵات ھەیە كە سەربەخۆن و تووشی قەیران بوون، قەیران لە ئەنجامی ریفراندۆم و سەربەخۆییەوە درووست نەبووە بەڵكو قەیرانەكان وا دەكەن كە ئێمە ریفراندۆم بكەین، چونكە بەھۆی قەیرانەكانەوە ئێمە بیرمان لە چارەسەرێكی گونجاو كردووەتەوە، ھەرچەندە كاراكردنەوەی پەرلەمان رەنگە زۆر پێویست نەبێ، بەڵام ئێمە پێمانوایە ھەنگاوێكی باشە بۆ كۆكردنەوەی زۆرینەی خەڵك لەدەوری ئەم پرسە.
- ئێوە یەكێكن لەو كارەكتەرانەی كە گفتوگۆتان لەگەڵ وڵاتان كردووە لەبارەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ھەڵوێستی ئەوان چی بوو؟
 * پێموایە ئەمە پرسێكە ھی خەڵكی كوردستانە، ناكرێ ئێمە بێبەش بین لە مافێك كە ئەوان چەندین ساڵە مومارەسەی دەكەن، بەڵكو ئێمە دەبێ ئەو مافە پەیڕەو بكەین و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان بكەین تا قەناعەت دێنن، ئەوەی من ھەستم كردووە ئەوەیە تاك تاكە وڵات ھەبووە دژی سەربەخۆیی بێت . بەتایبەتی لە رۆژئاوا كەس نەیگوتووە من دژی سەربەخۆیی كوردستانم، چونكە ئەمە دژی پرنسیپەكانی خۆیانە، ئەوان دژ نین بەڵكو ھەندێك جار نیگەرانن لە كاتەكە وپێیانوایە كاتەكە گونجاو نییە.  لێرەدا هەڵوێستەکان دەبنە سێ بەش .
- ھەندێك دەڵێن لەوانەیه‌ كاریگەری بۆسەر شەڕی دژ بە داعش ھەبێ.
- ھەندێك دەڵێن رەنگە ببێتە ناكۆكی لە سەر سنووری ئێمە و دراوسێكانمان.
- ھەندێك دەڵێن ئەمە كاریگەری بۆسەر ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق دەبێ.
 بۆ ھەرسێ لەمانە وەڵاممان ھەیە، پێمانوایە كە ئیلتیزامی خەڵكی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش پەیوەندی بە پەیوەندییە سیاسییەكانی ئێمە و بەغدا نییە، چونكە  هەر ئەم عێراقە بوو كە لە ئەنجامی ھەڵە سیاسییەكان بۆشایی ئەمنی و كۆمەڵایەتی و سیاسی درووست كرد و لە ئەنجامیشدا قاعیدە و دواتر داعش درووستبوو.
لە ئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی بەغدا یەك ملیۆن و 800 ھەزار كەس،  ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوون، ئێمە شەڕی داعشمان دەكرد و میوانداریی یەك ملیۆن و 800 ھەزار كەسیشمان دەكرد.
ھەر ئەم عێراقە یەكگرتووەش بوو كە بودجەی ھەرێمی بڕی و خۆی بە خاوەنی ئەو ئاوارانە نەزانی كە ھاتنە ھەرێمی كوردستان.
ئێمە چاوەڕێمان دەكرد عێراق لە كاتی شەڕی داعش یارمەتی پێشمەرگە بدا، بەڵام نەك یارمەتی نەدا، بەڵكو ڕێگری لە پڕچەككردنی پێشمەرگەش دەكرد بە چەكی قورس.
ئێمە پێمانوایە پەیوەندی نێوان ئێمە و بەغدا ھەر چییەك بێت ئەوا ئیلتیزاماتی خەڵك و حكوومەتی كوردستان لە رووبەرووبوونەوەی داعش كەم نابێتەوە.
لە بارەی خاڵی دووەمەوە كە دەڵێن كاریگەری لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق ده‌كات پێمانوایە كە وڵاتانێك ھەن بەرژەوەندیان لەوەدایە كە چۆنییەتی پێكھاتنی حكوومەتی عێراق دیاری بكەن، بەڵام جگە لەوە تا ئێستا نەزاندراوە ئەو ھەڵبژاردنە ئەنجامدەدرێ یان نا، گەر بڕوانیتە ھەڵبژاردنەكان دەبینی كە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان دیارە، چونكە لە سیستەمی ھەڵبژاردندا كورسی زۆر بە پارێزگا شیعییەكان دراوە و كورسی كەمیش بە پارێزگا كوردی و سونییەكان دراوە، كەواتە حكوومەتی عێراق ھەرچۆنێك بێ بریتی دەبێ لە زۆرینەیەكی شیعی بەرامبەر كەمینەیەكی سوننی و كوردی. كەواتە ھەرێمی كوردستان كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی عێراق.
لەبارەی ئەوانەی دەڵێن كە رەنگە گرژی دروستبێت با من شتێك بڵێم،
حكوومەتی عێراق دەبوو ماددەی 140 جێبەجێ بكات، بەڵام ئەم ھەموو ساڵە دەرباز بوو بۆ جێبەجێی نەكرد؟، كەواتە ھۆكاری جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 حكوومەتی عێراقە، جگە لەمە ئەو ناوچانە رووبەڕووی ھەڕەشەی داعش بووه‌وه‌ پێشمەرگە چووە ئەو شوێنانە و بەرگری لەوە كرد تا داعش نەتوانێ كوردستان داگیر بكات، تەنانەت ئەو شوێنانەی كە داگیر كرابوون بۆ ماوەیەك رزگاری كرد، ھەمووشمان دەزانین لایەنە سیاسییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەكشە ناكات، واتە كاتێك تەشەنوج درووستدەبێ كە حكوومەتی عێراق بوونی پێشمەرگەی لەو ناوچەیە پێ ھەزم نەكرێت، ئێمە دەمانەوێ ماف بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە بگێڕینەوە تا خەڵكی ئەو سنوورەش بڕیار لە چارەسەری خۆیان بدەن. بۆیە پێمان وایە ھەر سێ بیانووەكە بیانووی راست نین و نابێ وامان لێبكا واز لە بەرژەوەندی نیشتمانی خۆمان بھێنین.

- ئێستا ھەندێك لایەن كە دژی ریفراندۆمن كار لەسەر درووستكردنی دڵەڕاوكێ دەكەن و دەڵێن گەر ریفراندۆم ئەنجامدرا و سەربەخۆیی راگەیه‌ندرا؛ ئەوا خەڵك نەك ھەر رووبەڕووی ئەم قەیرانانە بەڵكو رووبەڕووی برسێتیش دەبنەوە.
* خەڵك مافی خۆیەتی بۆچوون لە بارەی ریفراندۆمەوە بدات، لەگەڵی بێت یا نا، بەڵام سەیرە كەسێك ھەبێ ھەوڵبدا ترس درووستبكات یان تا ریفراندۆم ئەنجامنەدرێ، پێموایە دەبێ خەڵك خۆی وەڵامیان بداتەوە، بڕوانە كەسانێكی زۆر لایەنگری ریفراندۆمن، بەڵام  كەسانێك گرینگیان پێنادەن، بەڵام گەر كەسێك پروپاگەندە دژی ریفراندۆم بكات یان ریفراندۆم بە مەترسی لە قەڵەم بدا ئەوا دەیكەنە سەردێڕی ھەواڵەكانیان.
پرسیارەكە ئەوەیە ئەو كاتەی ئێمە پەلامارمان درا و زوڵممان لێكرا خۆ پرسی ریفراندۆم لە گۆڕێ نەبوو، بۆیە ریفراندۆم مەترسی درووستناكات بەڵكو دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەم مەترسیانە دووبارە نەبنەوە.
ئێمە ئەزموونمان ھەیە بۆ ئەوەی رێگری لە درووستبوونەوەی شەڕ بكەین و وا بكەین نەوەكانی داھاتوو رووبەڕووی مەترسی نەبنەوە، دەبێ بە شێوەیەكی یاسایی نێودەوڵەتی خۆمان بپارێزین. ریفراندۆمیش تەنیا رێوشوێنێكە و بۆ سەربەخۆییە و سەربەخۆییش مەترسی درووستناكات بەڵكو دەیڕەوێنێتەوە.
- لە كوردستاندا تەنیا كورد ناژی بەڵكو توركمان و  عەرەب و پێكھاتەی دیكەش دەژین ئێوە چۆن دڵنیاییان دەدەنێ بەوەی كە مافەكانیان پارێزراوە و چۆن دڵنیایی دەدەنە وڵاتانی دیکەش كە سەربەخۆیی مەترسی درووست ناكات؟
* پێشتر گوتم ریفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە نەك نەتەوەیی، ھەموو پێكھاتەكان ئازادن لەوەی چۆن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، پێمانوایە كە كوردستانی سەربەخۆ دەبێتە نموونەیەكی جوانی پێكەوە ژیان، گەر تەماشاش بكەین كوردستان ئێستە جێگەی شانازییە نەك تەنھا بۆ ئێمە بەڵكو بۆ ھەموو جیھان، چونكە لێرە پێكەوەژیان و لێبوردەیی ھەبووە ، ئێمە پێمان وایە ھەموو نەتەوە و ئاینەكان ئازادن لەوەی چۆن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن یان چۆن بژین.
گەر سەیری چەند ساڵی رابردووش بكەین ژمارەیەكی زۆر كەس كوردستانیان وەك پەناگە بەكارھێناوە و ئاوارەی ئێرە بوون ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەو قسەیەی ئێمە.
لەبارەی بەشێكی دیكەی پرسیارەكەتەوە گەر بڕوانینە چەند ساڵی پێشوو، دەبینین كە كوردستان ھەرگیز مەترسی نەبووە بۆسەر كەس، بەڵكو زیاتر فاكتەری سەقامگیری و خێر بووین، پێمان وایە دەكرێ كوردستان ببێتە دورگەیەك بۆ سەقامگیری و پێكەوە ژیان و ھەرگیز نابێتە مەترسی بۆسەر كەس.
- دوایین پرسیارم ئەوەیە كە ماوەی نێوان ریفراندۆم و سەربەخۆیی چەندە، ئایا چەندمان پێویستە تا بە سەربەخۆیی بگەین؟
* ئێمە ریفراندۆم دەكەین تا بۆچوونی خەڵكی خۆمان بزانین، گەر ئێستا بچین قسە لەگەڵ ھەر لایەنێك بكەن دەڵێ ئەمە بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانە، بەڵام گەر ریفراندۆم ئەنجام بدەین ئەوا بۆچوونی خەڵكە، كێشەی ئێمە و بەغدا تەنھا كێشەی شەڕی داعش و ئەمڕۆ نییە، بەڵكو ریشەیەكی قوڵی ھەیە و دوو جۆر چارەسەر ھەیە، یان ئەوەتا وەك ئەوەی حكوومەتی عێراق كردی توندوتیژی بەكاربھێنین وەك ئەوەی ئەوان دژایەتی كوردیان كردووە، یان بەشێوەی ئاشتیانە چارەسەری بكەین، ئێمە دەمانەوێ كێشەكان بە ئاشتی چارەسەر بكەین و بزانین خەڵكی كوردستان چی دەوێ .
ماوەی نێوان ریفراندۆم وسەربەخۆیی دەگەڕێتەوە سەر ئەنجامی گفتوگۆی ھەرێمی كوردستان و بەغدا، گەر بەغدا ھاتە پێشەوە ئەوا ماوەكە كورت دەبێتەوە، گەر بەغدا قبوڵی نەكرد ئەوا ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری گەلی كوردستان و بۆ جارێكیش بێ بیر لە بەرژەوەندی گەلی كوردستان و بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆمان دەكەینەوە و چاوەڕوانی ئەوە نابین بزانین خەڵك چی لا پەسەندە.
- ئەگەر پەیامێکی تایبەتتان هەبێت؟
* من پەیامێكم ھەیە بۆ ھەموو خوشك و براكانم و داوایەكم ھەیە لێیان، جا ھەر بۆچوونێكیان ھەبێ، بير لە سەدەی رابردوو بكەنەوە كە بە سەدان ھەزار شەھید و قوربانییەكی زۆرمان داوە.  با پەیامێكمان ھەبێ و بڵێین خوێنی ئەوان بە فیڕۆ نەچوو، دوای ئەو ھەموو ناخۆشی و قوربانییەی دامان ئێستا كاتی ئەوەیە بگەین بە ئامانجەكانمان، ھیوادارم ھەموو تاكێك لەم وڵاتە ئەم پرسە بە پرسی خۆی بزانێت و بەشداربێت لەوەی بە ئاواتەكانی خۆمان بگەین.
با خوێنی شه‌هیدان به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕوات و ئێمه با دڵی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و  شه‌هیدانه ‌خۆش بكه‌ین و بڵێن خوێنی ئازیزانی ئێوه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه‌.

بەرێزمه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان کرد11-7-2017


بەرێز (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (د. ڤێجای كۆمار) وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌دیدارێكدا، كه‌(دیپاك میگلانی) كونسوڵی گشتی هیندستان له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، رۆشنایی خرایه‌ سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شه‌ڕی داعش و په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان و پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كه‌ له‌ 25ی مانگی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێ. 

هه‌روه‌ها به‌تێروته‌سه‌لی باس له‌و دۆخه‌ سیاسی، ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ كرا، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوی توندڕۆی وه‌ك داعش له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراقدا. هه‌ر له‌م دیداره‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی مووسڵ و به‌ تێكشكاندنێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی داعش دانرا، ئاماژه‌ش درا، كه‌ شكاندنی بیری توندڕۆیی و توندوتیژی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا پێویستی به‌ كار و هه‌ماهه‌نگی زیاتر پێویسته‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌و نه‌هامه‌تی و مه‌ینه‌تیانه‌ كرا، كه‌ گه‌لی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا به‌سه‌ریدا هێنراون، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ ئه‌نجامی پێكه‌وه‌لكاندنی به‌زۆر له‌ عێراقدا، گه‌لی كوردستان جۆره‌ها مه‌ینه‌تی بینیووه‌ و تاوانی گه‌وره‌ی ده‌رهه‌ق كراوه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان به‌ڕێزه‌وه‌ باسی له‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆر كردو قوربانیدانی پێشمه‌رگه ‌و خه‌باتی گه‌لی كوردستانی دژ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌كان به‌رزنرخاند و دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هیندستان له‌ پشتیوانی و یارمه‌تیدانی زیاتری هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.



Saturday, June 24, 2017

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای یەکێتی ئەوڕوپا کرد 22-6-2017


مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای یەکێتی ئەوڕوپا بە سەرپەرشتیی پاتریک سیمۆنێت باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا کە چەندین بالیۆز و کۆنسولی وڵاتانی ئەوروپا ئامادەی بوون، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان لە سەر کرا.

هەر لەم کۆبوونەویەدا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و شاندی ئەوروپی جەختیان لە سەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەولێر وبەغدا کردەوە لە پێناو چارەسەریی گشت کێشەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئەوەدا، کە گەلانی کوردستان بە نیازن بە شێوازێکی دیموکراتیک خواستی خۆیان بە رێگەی ریفراندۆمەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرا بکەن و هەرێمی کوردستانیش رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی خواستی هاووڵاتیانی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتیشی کردەوە، کە هەوڵی فراوانتر دەدرێت تاکو نیگەرانیەکان لە دەڤەرەکەدا بڕەوێندرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵنیا بێت، کە کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی کاریگەرتر دەبێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی و بەشدارێکی کاراش دەبێت لە پێناو سەقامگیری و ئاشتەوایی لە دەڤەرەکەدا.

Tuesday, June 20, 2017

مەسرور بارزانی: هەنگاوەکانمان بەرە و ریفراندۆم دەستوری و ئاشتیانەن 20-6-2017



نیوەڕۆی ئەمرۆ 20/6/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جان کۆبیس نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس و لە پەیوەندی بە ویستی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە، کە ئەوان پاڵپشتی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی کارای نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن لە هەر دوو قۆناغی پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم و ئاواتی خواست، کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن. 

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە ریفراندۆم میکانیزمێکی دیموکراسیانەیە بۆ زانینی ویستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لە ئێستا و ئایندەشدا کوردستان بەشێک دەبێت لە فاکتەری چارەسەریی ئاشتیانەی کێشەکانی دەڤەرەکە و بۆ پرسی ریفراندۆمیش رێکاری دەستوووری گیراوەتە بەر، چونکە بە پێێ دەستوری عێراق پێگیری نەکردنی بەغدا بە دەستوور ئەم دەرگایەی بۆ گەلەکەمان واڵا کردووە، کە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات، وێڕای ئەوەش لە گەل بەغدا بەردەوام دەبین لە دیالۆگێکی ئاشتیانە و بنیاتنەر بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە رێز لە خواست و ویستی هاووڵاتیان بگیرێت.

Saturday, June 17, 2017

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا پرسی ریفراندۆمیان تاوتوێ کرد 15-6-2017



لە رێکەوتی 15/6/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە فرانک بەیکر بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان کرد.
لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشڤەچوونەکانی شەری دژ بە داعش تاوتوێ کران و هەردوولا کۆک بوون لە سەر هەماهەنگیی زیاتر لە پێناو بەردەوامیی جەنگی دژ بە تیرۆر و چارەسەریی گشت ئەو کێشە لەمێژینانەی کە لە دەڤەرەکەدا زەمینەخۆشکەر بوونە بۆ سەرهەڵدانی هزری توندڕۆیی. هەروەها جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە هیچ ڕووداو و پێشهاتێک کاریگەریی لە سەر هاوپەیمانیی و هاوکاریی هەردوولا لە شەری دژ بە تیرۆردا نابێت.
هەر لەم دیدارەدا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و باس لەوە کرا کە گەلانی ناوچەکە دەبێت بە یەکترقبوڵ کردن و بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن تاکو گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە بە ماف و داخوازیەکانیان شاد ببن.
___________

Wednesday, June 14, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوزای له‌ شاندێكی باڵای كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق کرد







‎ئه‌مڕۆ 14/6/2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ ( ئاراس حه‌بیب كه‌ریم) سكرتێری گشتی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، پێویسته‌ به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ مێژووییه‌كان له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ كار بۆ دۆزینه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی شێوازێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی بكرێت.
‎له‌ دانیشتنێكدا وێڕای تاوتوكردنی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش، گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ عێراق و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش كرا.
‎له‌ دانیشتنه‌كه‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر ره‌وشی سیاسی و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی توندڕۆیی و كێشه‌ مێژووییه‌كانی عێراق، په‌یوه‌ست به‌ میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق،‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ پێویستی گفتوگۆی راشكاوانه‌ و جددی دا و رایگه‌یاند، رێگه‌ی دروستی به‌ره‌وپێشڤه‌چوون و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ددان به‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو بنرێت، كه‌ شێوازی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌بووه‌ كرداری نه‌بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ مێژووییه‌كان له‌م وڵاته‌دا له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ كار بۆ دۆزینه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی شێوازێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی بكرێت.
‎له‌لای خۆیه‌وه‌ شاندی باڵای كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق، پێزانینی خۆیان به‌رامبه‌ر قاره‌مانێتی و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رزگاركردنی ناوچه‌كان له‌ده‌ستی داعش نیشاندا و ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، كه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری مافی چاره‌نووسن و له‌ ئامانج و ویسته‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان تێده‌گه‌ن و هاوڕان له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌.
_

مه‌سروور بارزانی پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی كرد





مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازی كردنی له‌ شاندێكی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌تران (به‌شار وه‌رده‌ و نیكۆدیمس داود شه‌ره‌ف) رایگه‌یاند، كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر به‌ په‌ناگه‌ی ئارام ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ست شه‌ڕ و توندوتیژییه‌وه‌ رووی تێده‌كه‌ن. 

له‌دانیشتنێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی (خالید جه‌مال ئه‌لبێر) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مه‌سیحیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌ باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌ر رزگاربووه‌كانی ده‌ستی داعش و قۆناغی دواتری عێراق و پرۆسه‌ی ریفراندۆم كرا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 25ـى ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌بچێت. 

شاندی میوان سوپاسی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ حه‌وانه‌وه‌ و داڵده‌دان و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان به‌گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سیحی به‌تایبه‌تی و دووپاتیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان هه‌رێمی كوردستان به‌ وڵاتی خۆیان ده‌زانن و هیچ كاتێك نموونه‌ی ئه‌م پێكه‌وه‌ژیانه‌ برایه‌تیانه‌ و یارمه‌تییه‌كانی له‌بیر ناكه‌ن. 

له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی تیشكی خسته‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ جیاوازیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و درێژه‌دان به‌ پته‌وتركردنیان و رایگه‌یاند، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سوورین و بڕیارمانداوه‌، كه‌ باشترین مۆدیلی پێكه‌وه‌ژیان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ گشت پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش بكه‌ین، دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌و په‌ناگه‌ ئارامه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ست شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كانه‌وه‌ په‌نای بۆ ده‌هێنن، وه‌ك چۆن پێشتریش له‌ ده‌ست زوڵم و زۆرییه‌كان په‌نایان بۆ چیاكانی كوردستان ده‌هێنا. 

هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا باس له‌ ره‌وش و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ رزگاربووه‌كان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا كرا، په‌یوه‌ست به‌مافی مه‌سیحیانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی به‌ شاندی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی دا، كه‌هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وان خۆیان ناوچه‌كانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌پاراستنی مافی مه‌سیحیان و گرووپه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ژێر هیچ بارودۆخێكدا پاشه‌كشه‌ له‌و پره‌نسیپه‌ ناكات.

Wednesday, June 7, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان کرد


لە رێکەوتی 7/6/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (ئه‌ممار شینا) جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان و شاندی یاوه‌ری كرد و بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆریستان و بنه‌بڕكردنی بیری توندڕۆیی ئاماژه‌ به‌ پێویستی پاڵپشتی هێزه‌ ناوخۆییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ درا.


له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی باڵیۆزی هیندستان له‌ عێراق و كونسوڵی هیندستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، تیشكخرایه‌ سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هیندستان و رێوشوێنه‌كانی فره‌وانكردنی په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری كرا.


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا شه‌ڕی جیهانی دژ به‌ تیرۆریستان و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌ هاوبه‌شه‌كان تاوتوكرا، له‌و‌باره‌وه‌ جێگری باڵیۆزی هیندستان له‌ عێراق به‌ناوی وڵاته‌كه‌ی پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه‌ جیهانییه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، له‌ راستیدا ئێوه‌ بوون له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ك هه‌ر پێشڕه‌وییه‌كانی داعشتان وه‌ستاند، به‌ڵكو پاشه‌كشه‌تان پێكرد و تێكتان شكاند. 

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بایه‌خدانه‌‌ به‌ پێگه‌ی هه‌ولێر و ده‌رخه‌ری په‌رۆشی ئه‌وانه‌ بۆ فره‌وانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاكاندا‌ .


هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ عێراقی دوای داعش و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بیری توندڕۆیی و پێویستی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تێكی فره‌لایه‌ن بۆ له‌ڕه‌گه‌وه‌ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌ و هۆكاره‌كان كرا و تیشكخرایه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆ بنه‌بڕكردنی توندڕۆیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتی ته‌واو له‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كان بكات.

Monday, June 5, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق کرد 5-6-2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق کرد


ئه‌مڕۆ 5/6/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (تیم ستاپلتۆن) جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق كرد.
 له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشكه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و ره‌وشی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوسترالیا كرا. هه‌روه‌ها باس له‌ به‌شداری ئوسترالیا له‌و شه‌ڕه‌ جیهانییه‌ی دژ به‌ داعش و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی زیاتری یارمه‌تیدان و پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرا و مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئوسترالیای كرد له‌ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستاندا.
جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق په‌یوه‌ست به‌ رۆڵ و قوربانییه‌كانی  پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش پێزانینی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نیشاندا و رایگه‌یاند، ئازایه‌تی پێشمه‌رگه له‌ جیهان ده‌نگیداوه‌ته‌وه و ناكرێ له‌ شكاندنی داعشدا باس له‌ رۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كرێ‌.‌
 له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ی نێوان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك بێت ‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ بێنێته‌دی تا متمانه‌ و ئاشته‌وایی جێگیر بێت و بۆشاییه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بیری توندڕۆیی و توندوتیژی نه‌مێنێته‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ش سه‌قامگیر بێت.



ئێوارەی دوێنێ ٤ /٢٠١٧/٦، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی د.فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، لە بەغدا لەگەل د.حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران عێراق کۆبوویەوە.

لەم دانێشتنەدا دوا پەرەسەندنە سەربازیی و سیاسیەکانی عێراق و ناوچەکە خرانە بەر باس و گفتوگۆ و لە پەیوەست بە جەنگی دژ بە تیرۆر سەرۆکوەزیرانی عێراق رێز و پێزانینی خۆی بۆ ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ئاماژەی بە ئەوە دا کە سەرکەوتنی هێزە عێراقیەکان لە پارێزگای موسڵ ئەنجامی هەماهەنگی و پاڵپشتی راستەوخۆی هێزی پێشمەرگە بووە.

هەر لەم دیدارەدا ئاماژە بە پیویستیی گرتنەبەری رێگەچارەی گونجاو درا لە پێناو چارەسەریی کێشە کەڵەکەبووەکان تاکو بوار بە سەرهەڵدانەوەی تەوژمی توندڕۆیی لە دەڤەرەکەدا نەدرێتەوە.

لە بارەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێریش هەردوولا پێداگیرییان لە سەر بنیاتنانی گفتوگۆیەکی راشکاوانە کرد تاکو بە شێوەیەکی ئاشتیانە بتوانرێت گشت کێشەکان بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە رێز لە خواست ویستی گشت پێکهاتەکانی عێراق بگیرێت و داهاتووەکی گەش و پڕ لە متمانە و سەقامگیری بۆ هەموو لایەک مسۆگەر بکرێت.

Thursday, June 1, 2017

مەسرور بارزانی پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحموود کرد 1-6-2017

مەسرور بارزانی پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحموود کرد



ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/6/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان کرد و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، رەوشی ناوخۆی کوردستان، ئەگەر و پێشھاتەکانی دوای کۆتایھاتنی شەڕی داعش کرا.
لە ئاماژەیەکدا بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان باس لەوەکرا، کە خەڵکی کوردستان لەو پرسە پاشگەز نابێتەوە، چونکە سەروەری و سەربەخۆیی تاکە گەرەنتی رزگاربوونی یەکجاری خەڵکی کوردستان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو ستەم و کارەساتەی کە بەسەر کورد ھێنراون.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ھەردوولا جەختیان لە بایەخی کۆدەنگی و یەکڕیزی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەشداریکردنی ھەمووان لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکان کردەوە، بە ئامانجی بەدیھاتنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داھاتوو.
باسکردن لە رێکخستنەوەی زیاتری ھێزی پێشمەرگە بە مەبەستی ئامادە و بەھێزکردنی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Monday, May 29, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق کرد ( May 29, 2017)






لە رێکەوتی 29/5/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (د. مارك بارێتی) باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق كرد، كه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتایهاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌‌.

له‌دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی (دۆمینیك ماس) كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌ په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردنی كارای فه‌ڕه‌نسا له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسای كرد بۆ پاڵپشتیی و یارمه‌تییه‌كانی و هه‌ڵوێستی سه‌رۆك (ئیمانۆیل‌ ماكرۆنی) سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی داعش به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، فه‌ڕه‌نسا به‌رده‌وام دۆستایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان سه‌لماندووه‌‌ و له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا هاوكاری و پاڵپشتی كردووه‌. هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیانه‌ ئاماژه‌ی به‌ رۆڵ و پشتیوانییه‌كانی سه‌رۆك (فرانسوا هۆڵاند) سه‌رۆكی پێشووی فه‌ڕه‌نسا دا، كه‌ له‌كاتێكی سه‌ختدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و هیوای درێژه‌دان و پته‌وتركردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی خواست.

له‌ به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق سوپاسی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاریی و پشتیوانیكردنى له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی و دووپاتی له‌ به‌رده‌وام بوون و فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندی مێژوویی و به‌ها هاوبه‌شه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌یی و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن و پاڵپشتی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن، كه‌ بوژانه‌وه‌ و سه‌قامگیری زیاتر بۆ گه‌لی كوردستان به‌دی بهێنێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندن و مه‌ترسییه‌‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و قۆناغی دوای له‌ناوبردنی داعش و رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌ و دیالۆگ بۆ پیاده‌كردنی میكانیزمێكی نوێی داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرایه‌وه، كه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتر له‌ناوچه‌كه‌دا.

Monday, May 22, 2017

مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ جۆن مه‌ككه‌ین سیناتۆری كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بێته‌وه‌ 22-5-2017





مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لە درێژەی كارەكانی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ جۆن مەكین سیناتۆری ئەمریكی كۆبووەوە.

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌ كە ئەمڕۆ دووشەممە مه‌سرور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، بە یاوەری دكتۆر فواد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و به‌یان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا دیدارێكیان له‌گه‌ڵ سیناتۆری ئه‌مریكی جۆن مه‌كین هەبووە.

له‌ دیداره‌كه‌دا، مەسرور بارزانی سوپاسی ئه‌مریكای كرد بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعشیش باس كرا.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی کوردستان گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، لەم ماوەیەدا چەندین سمینار و دیداری گرنگی لەگەڵ ناوەندە ستراتیژی و سەربازی و بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكادا ساز كردووە.

Tuesday, May 16, 2017

مه‌سرور بارزانی: درووستبوونی داعش له‌ ئه‌نجامی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ بوو





مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سیمینارێكدا، له‌ دامه‌زراوه‌ی هێریتێج، له‌ واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا، رووانگه‌ی كوردستان بۆ عێراقی دوای داعش ده‌خاته‌ڕوو.
ده‌قی قسه‌كانی مه‌سروور بارزانی، له‌ سیمیناری رووانگه‌ی كوردستان بۆ عێراقی دوای داعش، له‌ دامه‌زراوه‌ی هێریتێج له‌ واشنتنی پایته‌خی ئه‌مه‌ریكا:
"لێره‌ وه‌ستاوم بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ روانگه‌كانى خۆم له‌گه‌ڵ ئێوه‌ هاوبه‌شى پێ بكه‌م، له‌ باره‌ى ئه‌و بابه‌تى باسكرا.
وه‌ك ده‌زانن، ئێمه‌ نزيكده‌بينه‌وه‌ له‌ كۆتاییهێنانى شه‌ڕ له‌ مووسڵ و كۆتايیێهێنانى داعش. ئێستا داعش له‌ لێوارى له‌ناوچوونه‌ له‌ عێراقدا. ئه‌مه‌ جه‌نگێكى سه‌خت بوو، له‌و كاته‌ى داعش هێرشه‌كانى ده‌ستپێكرد له‌ عێراق و به‌ تايبه‌تيش له‌ دژى كوردستان له‌ 2014.
هه‌موومان پێشبينيمان ده‌كرد، ئه‌و جه‌نگه‌ درێژخايه‌ن ده‌بێت. ئێستا ئێمه‌ دێينه‌ كۆتايى ئه‌و به‌شه‌ى سه‌خت بوو. ئێستا داعش له‌ مووسڵ به‌ره‌و رووخان ده‌چێت. خوازيارم له‌ ته‌واوى عێراقيش به‌ يه‌كجارى كۆتايى بێت. به‌ڵام پێمان وا نييه‌ شكستى سه‌ربازى داعش كۆتايى تيرۆر ده‌بێت له‌ عێراق و هه‌رێمه‌كه‌شدا.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئه‌و ئايدۆلۆژى و هزره‌ توندڕه‌وييه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، شوێنكه‌وتووانى له‌ دواى داعش درێژه‌ى پێ ده‌ده‌ن.
هه‌موومان له‌وه‌ تێده‌گه‌ين كه‌ داعش به‌رده‌وامى رێكخراوى قاعيده‌يه‌ و دواى داعشيش رێكخراوى دیكه‌ی هاوشێوه‌ درووست ده‌بن و به‌رده‌وامى به‌ هزرى توندڕه‌وى خۆيان ده‌ده‌ن و ده‌كرێت هه‌مووانيش بگرێته‌وه‌.
ئێمه‌ بڕوامان وايه‌ شه‌ڕى داهاتوو، له‌ رێگه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى نابێت و به‌ڵكو به‌ شێوه‌ى هه‌واڵگرى ده‌بێت، خوازيارين ته‌واوى پێكهاته‌ هه‌واڵگرييه‌كانى جيهان به‌يه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ وه‌ستاندنى ئه‌و كێشه‌يه‌ بۆ هه‌تا هه‌تايه‌.
پێويسته‌ ئه‌وه‌شمان له‌ياد نه‌چێت كه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى قوربانييانداوه‌ و گيانيان به‌ختكردووه‌، ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ريان سه‌رى خۆمان داده‌نه‌وێنين بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى گيانى خۆيان به‌خت كرد بۆ پاراستنى ئێمه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌.
هه‌رچه‌نده‌ داعش له‌ رووى سه‌ربازييه‌وه‌ تێكده‌شكێت، به‌ڵام ده‌بێت بزانين دواى داعش چى رووده‌دات و ئێمه‌ هه‌ميشه‌ باوه‌ڕمان وابووه‌، كه‌ ده‌بێت رێككه‌وتنێكى نوێى سياسى هه‌بێت له‌ نێوان ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و ئه‌مه‌ش پوخته‌ى باسه‌كه‌م ده‌بێت.
پێكهاته‌ى زۆر له‌ عێراق هه‌ن و كاريگه‌رى شه‌ڕى داعشيان له‌سه‌ر بووه‌ و هه‌مووان به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان رووبه‌ڕووى ئه‌و مه‌ينه‌تييانه‌ بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ به‌سه‌ريان هێنراوه‌.
پێويسته‌ هه‌ڵه‌ نه‌كه‌ين و وا بير نه‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ داعش ته‌نيا گرفته‌. داعش ته‌نيا ئه‌نجامى قه‌يران و كێشه‌كانى ديكه‌يه‌ و سه‌رى هه‌ڵداوه‌.
هۆى بوونى داعش، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شكستى سيستمه‌ سياسييه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ زاڵبين و دڵنيابين كه‌ داعش و هاوشێوه‌كانى درووست نابنه‌وه‌، پێويسته‌ له‌ بنچينه‌ى كێشه‌كان بڕوانيين.
ئێمه‌ روانگه‌ و نه‌خشه‌رێگه‌مان هه‌يه‌ و خوازيارين بتوانين ئه‌و روانگه‌ و نه‌خشه‌رێگه‌يه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانى هه‌رێمى تاوتوێ بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت چاره‌سه‌رێك بێته‌ ئاراوه‌ و ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌مان بێته‌كايه‌وه‌.
له‌ برى ئه‌وه‌ى ته‌نيا له‌ باتى خه‌ڵكه‌كه‌مان بڕيار بده‌ين، پێويسته‌ راى ئه‌وانيش وه‌ربگرين و بزانين خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى چييان ده‌وێت.
بڕياريشمان داوه‌ ريفراندۆمێك ئه‌نجام بده‌ين و ريفراندۆمێكى زۆر ديموكراسى ده‌بێت و په‌يڕه‌وكردنى مافێكى ديموكراسييه‌ و له‌ وڵاتانى ديموكراسى په‌يڕه‌و ده‌كرێت و پێويسته‌ له‌ خه‌ڵكى خۆمان بپرسين ئه‌وان چۆن داهاتووى خۆيان له‌گه‌ڵ به‌غدا داده‌ڕێژن و چۆن بيرده‌كه‌نه‌وه‌ و پێويسته‌ چۆن بژين و ئه‌وانيش ده‌بێت به‌شدار بن له‌ دياركردنى داهاتووى خۆيان و دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانمان زانى، دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێده‌كه‌ين.
ئێستا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دانووستانمان ده‌ستپێكردووه‌ و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى به‌غدا له‌ دانووستانين و ناكرێت ئێمه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ يه‌ك نه‌كه‌ين و پێويسته‌ قسه‌ بكه‌ين و خاڵى هاوبه‌ش بدۆزينه‌وه‌.
ئه‌وه‌ى ئێمه‌ پێشنيازى ده‌كه‌ين، دۆخه‌كه‌ ئاڵۆز ناكات، به‌ڵكو چاره‌سه‌ره‌. پێمان وا نييه‌ ئه‌وه‌ى ده‌مانه‌وێت به‌ده‌ستى بهێنين، كاريگه‌رى له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێمه‌ و به‌غدا له‌ داهاتوو نابێت. ئێمه‌ به‌ چاره‌سه‌رى ده‌بينين. ئێستا كێشه‌كان چاره‌سه‌ريان بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌رى ئاشتييانه‌ بدۆزينه‌وه‌.
رێگه‌چاره‌ ئاشتييه‌كان باشترين رێگه‌چاره‌ن و ده‌بێت له‌وێوه‌ ده‌ستپێبكه‌ين و له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوايه‌ين كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌بێت باشترين چاره‌سه‌ر بدۆزينه‌وه‌.
پێويستيشه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ين، ئه‌گه‌ر سيستمى حوكمڕانى شكستى نه‌هێنابا، ئێستا رووبه‌ڕووى ئه‌م ئاسته‌نگانه‌ نه‌ده‌بووينه‌وه‌، وه‌ك تيرۆر و دابه‌شكارى و پچڕانى شيرازه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و كێشه‌ ئابوورييه‌كان هه‌مووشيان كێشه‌ى تێكهه‌ڵكێش و ده‌رهاويشته‌ى شكستى حوكمڕانين.
ئێستاش ده‌زانين له‌كوێوه‌ كێشه‌كان ئاڵۆز بوونه‌ و خوازيارين بتوانين خاڵى هاوبه‌ش بدۆزينه‌وه‌ و هه‌موومان به‌ ئارامى و سه‌قامگيرى و ئاشتيى بژين.
لێره‌ش له‌ واشنتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسان بۆچوونمان ئاڵوگۆڕكردووه‌ و قسه‌مان له‌سه‌ر دنيابينى و پێشنيازه‌كانى ئێمه‌ بۆ چاره‌سه‌رى قه‌يرانه‌كان كراوه‌.
خوازيارين ئه‌و لێكتێگه‌يشتنه‌ى هه‌يه‌ بتوانێت داهاتوويه‌كى روونتر و گه‌شتر بۆ داهاتووى ئێمه‌ دابين بكات".
ته‌واوی ئه‌و سه‌رنج و پرسیارانه‌ی له‌ سیمیناره‌كه‌دا، ئاراسته‌ی مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كران:
- پرسيار: هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى چۆن ده‌توانێت له‌ عێراق په‌ره‌ به‌ كاره‌كانى بدات، ده‌توانن چى بكه‌ن، وڵاتانى ئه‌وروپا چ رۆڵێكيان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بتوانين له‌و باره‌يه‌وه‌ بدوێيت؟
مه‌سروور بارزانى: به‌دڵنياييه‌وه‌ ئێمه‌ زۆر سووپاسگوزارى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ين، كه‌ ئه‌مريكا سه‌رۆكايه‌تى ده‌كات. له‌ كۆتاييدا پێويسته‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى هه‌رێمه‌كه‌ قسه‌ بكرێت و پێم وايه‌ ته‌واوى ئه‌و هاوكارييانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ پێشكه‌شكراوون، ده‌بێت له‌وه‌دا چڕبكرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ر و داواكارى و خواستى خه‌ڵك يه‌كبگرنه‌وه‌.
خوازيارين به‌ كردنه‌وه‌ى گفتوگۆ و دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌وانيش، ئه‌وان بتوانن بێن و هه‌ندێك له‌ هه‌ڵه‌كانيان راستبكه‌نه‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵانه‌ى كه‌ ماوه‌ى 100 ساڵێك له‌مه‌و به‌ر ئه‌نجاميانداوه‌ بتوانن راستيان بكه‌نه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕياره‌كانيان بكه‌ن و ده‌ستپێكى نوێ بۆ چاره‌سه‌ر بخرێته‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى چه‌ندين ساڵه‌ به‌رده‌وامن.
(سه‌رنجى به‌شداران) دكتۆر كيسنا له‌ دامه‌زراوه‌ى ئاشتى جيهانى:
من هاوڕێيه‌كى نزيكى عێراقم، ئه‌و كێشانه‌ى هه‌ن به‌ هۆى داعشه‌وه‌، پێويسته‌ ئێوه‌ به‌ باشى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن، به‌ تايبه‌تى له‌گه‌ڵ داعش، پێويسته‌ هه‌مووان به‌ يه‌كگرتووى وه‌كو نه‌ته‌وه‌يه‌ك رووبه‌ڕووى داعش ببنه‌وه‌. ده‌توانم نموونه‌يه‌ك بخه‌مه‌ڕوو. ئێوه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ بن، ده‌كرێت به‌يه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌، نه‌ك شه‌ڕ بكه‌ن.
- پرسيار: ئايا پێويست ده‌كات رێككه‌وتنێكى ديكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت بۆ مانه‌وه‌ى سه‌ربازانى ئه‌مريكا؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ به‌ دڵنياييه‌وه‌ پشتيوانى له‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا ده‌كه‌ين بۆ  مانه‌وه‌ى سه‌ربازه‌كانيان له‌ عێراق و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر په‌يوه‌سته‌ به‌ به‌غدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌ون و ئێمه‌ش هه‌ميشه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مريكا بووين له‌ وڵاتى خۆمان.
- پرسيارى نێرده‌ى كوردستان 24، مارى لۆرى: ئايا پێت وايه‌ ئێوه‌ خاڵ يان فڕۆكه‌خانه‌ يان دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى ئاسمانى واتان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ وه‌ك جێگره‌وه‌ى توركيا بێت له‌ ناوچه‌كه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ جێگره‌وه‌ پێشكه‌ش ناكه‌ين، به‌ڵام خواستى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيمان هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر بتوانن پێويستييه‌كانى ئێمه‌ به‌كار بهێنن.
- پرسيار: من سه‌ربازێكى پێشووم و له‌گه‌ڵ يه‌په‌گه‌ شه‌ڕم كردووه‌ له‌ 2015 و شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵيان بووم و پرسيارێكم هه‌يه‌ به‌ هۆى ئه‌زموونه‌كه‌م له‌گه‌ڵيان و هه‌ندێك كێشه‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و من خۆم كێشه‌م نه‌بوو، به‌ڵام هه‌ندێكيان رووبه‌ڕووى كێشه‌ بوونه‌وه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌ويست له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕ بكه‌ين و هه‌ندێك لايه‌نيش ده‌يانويست هاوكارى بكه‌ن و لايه‌نى سه‌ربازى نه‌بوون، به‌ڵام رووبه‌ڕووى كێشه‌ بوونه‌وه‌، كاتێكيش هاوكاره‌كه‌م كۆچى دوايى كرد، هه‌ندێ كێشه‌ درووست بوون و ده‌مه‌وێت بزانم چاره‌سه‌رى ئێوه‌ چى ده‌بێت؟
مه‌سروور بارزانى: هيچ زانيارييه‌كم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ رێگرى له‌ كه‌س كرابێت بچنه‌ سووريا يان  پێچه‌وانه‌وه‌. ئێمه‌ به‌رده‌وام هاوكاريمان كردووه‌ و دامه‌زراوه‌ى بارزانى له‌ عفرين و كوبانێ به‌رده‌وام هاوكارى كردووه‌ و خوازيارم ئه‌و پرسياره‌ له‌ يه‌په‌گه‌ش بپرسى و به‌ پێى تێگه‌يشتنى من ئه‌وان رێگرى له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ تايبه‌تى ئه‌و 300 هه‌زار هاووڵاتييه‌ ئاواره‌يه‌ كه‌ يه‌په‌گه‌ رێگه‌يان نادات بگه‌ڕێنه‌وه‌. تۆ بارودۆخه‌كه‌ت له‌ پێشه‌وه‌ دیوه‌ و ئاگادارى.
- پرسيار: ده‌توانيت پێمان بڵێيت، كاردانه‌وه‌ى وڵاتانى دراوسێى ئێوه‌ چۆن ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان، پێت وايه‌ توركيا ئه‌وه‌ى به‌دڵ ده‌بێت، ئايا هيچ ئاماژه‌يه‌كتان پێگه‌يشتووه‌، به‌ له‌گه‌ڵ بوون يان نه‌بوون له‌ لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و كێشه‌ى له‌ شنگال هه‌يه‌ چييه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ريفراندۆم پرۆسه‌يه‌كى ديموكراسييه‌ و له‌ وڵاتانى ديموكراسى په‌يڕه‌و كراوه‌ و  پێم وا نييه‌ هيچ كه‌سێك به‌ روونى رێگر بێت و ئه‌مه‌ ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌يه‌ بزانين خه‌ڵكى ئێمه‌ چى ده‌ڵێن و له‌ چه‌ند شوێنێك ئه‌نجامدرا، بۆچى ده‌بێت كێشه‌ بێت كه‌ له‌كوردستان ئه‌نجام بدرێت. ناتوانم له‌ باره‌ى هه‌ڵوێستى وڵاتانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌م، به‌ڵام ئێمه‌ رژدين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ريفراندۆمه‌ ئه‌نجام بده‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بزانين خه‌ڵكى خۆمان چى ده‌ڵێن‌.
سه‌باره‌ت به‌ شنگال، هه‌ندێك پێكهاته‌ى ده‌ره‌كى ده‌ستيان له‌ دۆخه‌كه‌ هه‌يه‌. هه‌ندێك له‌ پێكهاته‌كانى په‌كه‌كه‌ هاوكار نيين بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارى و ئێمه‌ خوازيارين ئه‌وان رێز له‌ ياسا و سه‌روه‌رى ياسا و خه‌ڵكى شنگال بگرن. بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌.
- پرسيار: من مامۆستا و لێكۆڵه‌رم له‌ زانكۆى تێنسى، ئايا ريفراندۆم كه‌ باسى سه‌ربه‌خۆى ده‌كرێت، پێتان وايه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ره‌وشى ئابوورى و سياسى كه‌ ئێستا له‌ كوردستان هه‌يه‌ چۆن ده‌بێت؟
مه‌سروور بارزانى: پێم وايه‌ يه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ى كۆمان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌يه‌، سه‌ره‌ڕاى كێشه‌ ناوخۆييه‌كانيش، هۆكارێكى به‌هێز هه‌يه‌ كۆمان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ويش ريفراندۆمه‌ و هه‌مووان پشتيوانى ده‌كه‌ن و بڕواشم وايه‌ پارته‌ سياسييه‌كانى ديكه‌، به‌ تايبه‌تى سه‌ركردايه‌تييه‌كانيان زۆر پشتيوانى له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ن و له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامداين بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لايه‌نه‌كانى كوردستان بۆ گه‌يشتن به‌ رێككه‌وتنێك.
بڕيارمان داوه‌ ليژنه‌يه‌ك له‌ نوێنه‌رى پارته‌كان پێكبهێنرێت بۆ به‌ديهێنانى ئه‌و ئامانجه‌. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين لێره‌وه‌ پێشكه‌وين.
ئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى به‌ لايه‌نى ئابوورييه‌وه‌ هه‌يه‌، ده‌مه‌وێت به‌ بير خۆمان و ئێوه‌ بهێنمه‌وه‌، كه‌ له‌ يه‌ك كاتى دياريكراودا ئێمه‌ رووبه‌ڕووى زۆر ئاسته‌نگ بووينه‌وه‌. رووبه‌ڕووى شه‌ڕى داعش بووينه‌وه‌، كه‌ زيانى زۆرى پێگه‌ياندين. له‌ به‌شه‌كانى ديكه‌ى عێراق زياتر له‌ 1.8 مليۆن هاووڵاتى ئاواره‌ بوون و روويان تاێكردين و ئێستاش ئه‌و ژماره‌يه‌ گه‌يشتووه‌ته‌ زياتر له‌ دوو مليۆن ئاواره‌ به‌ هۆى شه‌ڕى مووسڵه‌وه‌. له‌ رێى سوورياشه‌وه‌ 300 هه‌زار په‌نابه‌ر روويان له‌ هه‌رێم كردووه‌، هاووڵاتيانى هه‌رێمه‌كه‌ به‌ رێژه‌ى سى له‌ سه‌د زيادى كردووه‌، كه‌چى هاوكارى نه‌كراووين و له‌ به‌رامبه‌ريشدا حكومه‌تى عێراق بودجه‌ى ئێمه‌ى بڕى، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام بووين و سه‌ركه‌وتوو بووين و ئێستا له‌ قۆناغى هه‌ڵسانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنداين و پێشمان وايه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكى گرنگ و بڕيارێكى نيشتيمانييه‌ كه‌ ريفراندۆم بكه‌ين و تايبه‌ت نييه‌ به‌ پارتێكى دياريكراو.
- پرسيار: هه‌رێمى كوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبى ده‌كات؟
مه‌سروور بارزانى: ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم، حه‌شدى شه‌عبى، پاشخانێكى جياوازيان هه‌يه‌. ئێمه‌ هيچ شتێكمان له‌ دژى ئه‌وان نييه‌. ئه‌وان له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقييه‌كان شه‌ڕيان كردووه‌. له‌ هه‌ندێك لێدوانى سه‌ركرده‌كانيان ده‌بيستين، كه‌ هاوكارى په‌يوه‌ندييه‌كانمان نيين و پێويسته‌ ئه‌وانيش رێز له‌و هاوڕێيه‌تييه‌ بگرن، كه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ هه‌يه‌ و هه‌روه‌ها رێز له‌ سنووره‌كانى كوردستان و قوربانيدانى پێشمه‌رگه‌ بگرن، كه‌ له‌ پێناو رزگارى ئه‌و خاكه‌ داويانه‌. ئێمه‌ هيچ هه‌ستێكى دوژمنكارانه‌ و هيچ كێشه‌يه‌كى تايبه‌تمان له‌گه‌ڵيان نييه‌ و ئه‌وه‌ له‌سه‌ر خۆيان ده‌وه‌ستێت، چۆن هاوكار ده‌بن بۆ قبوڵكردنى ئه‌و راستى و واقيعه‌ى درووست ده‌بێت.
- پرسيار: توێژينه‌وه‌ له‌ باره‌ى كێشه‌ مرۆييه‌كانى هه‌رێم ده‌كه‌م و ده‌مه‌وێت بزانم تا چه‌ند ئه‌و كێشانه‌ كاريگه‌ريان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان درووستكردووه‌؟
مه‌سروور بارزانى: وه‌ك باسم كرد، ئێمه‌ زياتر له‌ دوو مليۆن ئاواره‌مان هه‌يه‌ و فشارێكى زۆرى  خستووه‌ته‌ سه‌ر داهاته‌ سنوورداره‌كانمان له‌م قۆناغه‌دا و له‌ پاڵ ئه‌و كێشانه‌ى هه‌ن و شه‌ڕى داعش و بڕينى بودجه‌ له‌ لايه‌ن به‌غداوه‌. تا ئێستاش بڕوامان وايه‌، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقدا هه‌رێمى كوردستان وه‌ك لانه‌ى ئارامى ده‌بينن و له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌دواى ئارامى ده‌گه‌ڕێن.
حكومه‌تى هه‌رێم له‌ كه‌مپه‌كان هاوكارى مرۆيى پێشكه‌ش ده‌كات و تا ئێستا قه‌يرانێكى مه‌زنمان نييه‌ و ترسى ئه‌وه‌م هه‌يه‌ خه‌ڵك نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ى هاوكارى نێوده‌وڵه‌تيمان پێ بگات، كێشه‌كانى ئه‌وان گه‌وره‌تر ده‌بن.
- پرسيار: ئايا ده‌توانيت له‌ باره‌ى هاوكارى ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان هيچ بڵێن.. وتوێژه‌كانتان به‌كوێ گه‌يشتووه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ دڵخۆشين و هاوكارى زۆرمان هه‌يه‌ له‌ ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا و ئێمه‌ تێده‌گه‌ين، ئه‌وان ئێستا له‌ قۆناغى گوێگرتنن له‌ لايه‌نه‌ جۆربه‌جۆره‌كان.
ئه‌و دانووستانه‌ى تا ئێستا كردوومانه‌، ئێمه‌ داواكارى به‌رزترمان هه‌يه‌، به‌ تايبه‌تى دواى قوربانيدانى ئێمه‌ و خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و خوێنه‌ى به‌يه‌كه‌وه‌ رشتوومانه‌، بۆيه‌ خوازيارين خه‌ڵكى ئێمه‌ خه‌ڵات بكرێن له‌ پاى ئه‌و قوربانيدانه‌يان.
- پرسيار: من نووسه‌رێكى سه‌ربه‌خۆم و له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ ده‌نووسم. دوو پرسيارم هه‌يه‌، يه‌كيان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان قسه‌ى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى باكوورى سووريا بدۆزرێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئايا پلانى پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا چييه‌ و ئايا هيچ رۆڵيان ده‌بێت و داهاتوويان چۆن ده‌بێت؟
مه‌سروور بارزانى: هه‌موو لايه‌نه‌كان جگه‌ له‌ لايه‌نه‌كانى سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ ئاماده‌يى دۆزينه‌وه‌ى  چاره‌سه‌ريان بۆ كێشه‌كانى سووريا تێدا بووه‌.
سه‌رۆك له‌ دهۆك و هه‌ولێر چه‌ند كۆنفرانسێكى ئه‌نجامدا و نوێنه‌رانى په‌يه‌ده‌ و يه‌په‌گه‌ش داوه‌تكران له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان و له‌سه‌ر زۆر خاڵ هاوڕابوون. به‌ڵام يه‌په‌گه‌ به‌ تاك لايه‌نه‌ پابه‌ندى جێبه‌جێكردنى ئه‌و خاڵانه‌ نه‌بوو. ئه‌و شێوازه‌شى كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه‌، وه‌ك ديپۆتكردنيان بۆ هه‌رێمى كوردستان جێى نيگه‌رانييه‌.
پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا، خه‌ڵكى عفرين و كوبانێ و ناوچه‌كانى ديكه‌ن و له‌ كه‌سكێ و شنگال له‌ دژى داعش شه‌ڕيان كردووه‌ و قوربانيان داوه‌ و هه‌ندێكجار كه‌ ته‌رمى قوربانييه‌كان ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ سووريا يه‌په‌گه‌ رێگرى كردووه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌رمه‌كانيان چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌ ئاڵاى كوردستان داپۆشرابوون.
خوازيارين هه‌موو لايه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و شوێنێكى ئارامتر و باشتر درووستبكه‌ن.
ئێمه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك دانووستان له‌گه‌ڵ يه‌په‌گه‌ و په‌يه‌ده‌ ره‌تناكه‌ينه‌وه‌. خوازيارين لايه‌نه‌كان كۆببنه‌وه‌ و ئاشته‌وايى رابگه‌ينن و ئێمه‌ش ئاماده‌يى هاوكارى و پشتيوانيمان تێدايه‌ بۆيان.
- پرسيار: له‌ به‌شى كوردى ده‌نگى ئه‌مريكا: ئێوه‌ كێشه‌تان هه‌يه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌، به‌ تايبه‌تى بوونيان له‌ شنگال، ئايا ئێوه‌ هيچ چاره‌سه‌رێكى ئاشتيانه‌تان هه‌يه‌، ئايا ئه‌مريكا بۆچوونى چييه‌؟
- مه‌سروور بارزانى: به‌ڵێ كێشه‌ هه‌يه‌، به‌ڵام ئه‌وان كێشه‌يان هێناوه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و به‌ گوێره‌ى تێگه‌يشتنى خۆم ته‌واوى دامه‌زراوه‌كانى ئێزدى و ناوچه‌كه‌ داوايانكردووه‌، په‌كه‌كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێبهێڵن. لێكدانه‌وه‌ى ديكه‌ هه‌يه‌، ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌وێن ده‌يانناسين و ده‌زانين په‌كه‌كه‌ن و له‌ ناوچه‌كانى ديكه‌وه‌ هاتوون، باشترين شت ئه‌وه‌يه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و ناوچه‌يه‌ به‌ ئاشتى جێبهێڵن و رێگه‌مان بده‌ن ئه‌و ناوچه‌يه‌ ئاوه‌دان بكه‌ينه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ته‌نيا چاره‌سه‌ر ده‌بێت، كه‌ خه‌ڵكيش به‌دڵيان بێت.
- پرسيار: چى به‌سه‌ر مادده‌ى 140 هاتووه‌، وه‌ك ئێمه‌ ده‌زانين سه‌رۆكمان مه‌سعوود بارزانى هه‌ميشه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ركووك له‌ رووى مێژوويى و جوگرافييه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ كوردستان و هه‌موو كاتيش حكومه‌تى ناوه‌ندى كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى هه‌يه‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌، هيوادارم ئه‌و كاته‌ بێت و ئه‌ويش بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كوردستان؟
مه‌سروور بارزانى: پێم وايه‌ ئه‌و مادده‌يه‌ دواى كارپێنه‌كردنى ده‌ستوور ئه‌و مادده‌يه‌ كۆتايى  پێهاتووه‌. حكومه‌تى عێراق جێبه‌جێى نه‌كردووه‌. مادده‌كه‌ ته‌نيا باس له‌ كه‌ركووك ناكات. باس له‌ ته‌واوى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كات.
ئه‌مه‌ ئه‌ركى حكومه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌نجامى نه‌داوه‌. مادده‌كه‌ سێ قۆناغه‌، يه‌كه‌ميان: ئاساييكردنه‌وه‌ى بارودۆخ بووه‌ و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى به‌ زۆر ده‌ركراوون بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌شى هێنراوون بۆ پڕكردنه‌وه‌ى جێى ده‌ركراووه‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنى خۆيان. هه‌روه‌ها ده‌بوايه‌ سنوورى ئه‌و پارێزگايانه‌ى زۆرينه‌يان كورد بوون و گۆڕانيان به‌سه‌ردا هێنرابوو، بۆ بچووككردنه‌وه‌يان به‌شيان لێكرابوويه‌وه‌ و خرابوونه‌ سه‌ر پارێزگاكانى ديكه‌، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت.
دووه‌م: تايبه‌ته‌ به‌ پێكهاته‌كان و بزانرێت چه‌ند پێكهاته‌ى تێدايه‌. سێيه‌ميش: ئه‌وه‌يه‌ كه‌ راپرسى ئه‌نجام بدرێت و چاره‌نووسى يه‌كلا بكرێته‌وه‌.
ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ين، كه‌ قۆناغى يه‌كه‌م به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان جێبه‌جێ كراوه‌. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵك بۆ ناوچه‌كه‌ و ئه‌وانه‌شى كه‌ هێنراوون نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌، له‌م بارودۆخه‌ باوه‌ڕمان وايه‌ خه‌ڵك و رێژه‌ى كورد به‌و گۆڕانكارييانه‌ زياتر له‌ حه‌فتا له‌سه‌د ده‌بێت. به‌ڵام هۆكارێك هه‌يه‌ بۆ ئه‌و خاڵه‌ ده‌ستوورييه‌ كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. عێراق كاتێكى زۆرى له‌به‌ر ده‌ست بوو بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورييه‌. له‌ 2014 تا ئێستا شه‌ڕى داعش هه‌بووه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ته‌نيا ئه‌و هێزه‌ بوو، پارێزگاريان له‌ كه‌ركووك كرد و وايانكرد، داعش نه‌توانێت هاوشێوه‌ى مووسڵ كه‌ركووكيش داگير بكات و بڕوامان وايه‌ ناسنامه‌ى كه‌ركووك روونه‌ و كوردييه‌ و خوازياريشن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بگه‌ينه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌شمانه‌وێت خه‌ڵكى كه‌ركووك خۆيان بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك.
- پرسيار: سه‌باره‌ت به‌ شنگال و ئه‌و كێشانه‌ى له‌وێن روونكردنه‌وه‌ى زياتر چييه‌ به‌ تايبه‌تى له‌ باره‌ى رۆڵى وڵاتانى هه‌رێمى و ئايا ئيداره‌ى نوێ كه‌ ده‌يه‌وێت كاريگه‌رى ئێران له‌ هه‌رێمه‌كه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌؟
مه‌سروور بارزانى: روانگه‌ى ئێمه‌ زۆر روونه‌ و ده‌مانه‌وێت په‌يوه‌ندى زۆر باشمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان  هه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستتێوه‌ردانى هه‌ر وڵاتێك له‌ كاروبارى ناوخۆمان ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌. خوازيارين ئێران و وڵاتانى ديكه‌ رێز له‌وه‌ بگرن. هه‌روه‌ها رێز له‌ خواست و بڕيارى خه‌ڵك بگرن. هه‌روه‌ها هيچ جێگره‌وه‌ و شه‌ڕى له‌ جياتى درووست نه‌كه‌ن. ئێمه‌ ئاماده‌ين بۆ دانووستان. له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه‌كان قسه‌ ده‌كه‌ين. بۆ ئه‌وه‌ى دڵنيابين له‌وه‌ى په‌يوه‌ندى باشمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكان.
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌مريكاش، ئێمه‌ ناتوانين له‌ باتى ئه‌وان قسه‌ بكه‌ين. هاتووين تێبگه‌ين بزانين ئه‌وان بڕياريان چى ده‌بێت و روانگه‌يان بۆ ناوچه‌كه‌ چييه‌. ئێمه‌ له‌ ناوچه‌يه‌كى هه‌ستيار ده‌ژيين. ئاسايشى نيشتيمانى خه‌ڵكى ئێمه‌ له‌ پێشينه‌ى كاره‌كانمانه‌. هاوكارى هه‌ر لايه‌نێك ده‌كه‌ين، كه‌ هاوكارى خه‌ڵكى كوردستان بكات.
- پرسيار: سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى كريستيانه‌كان و ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌ مووسڵه‌وه‌ هاتوون و داهاتووى كريستيانه‌كان چى ده‌ڵێن؟
مه‌سروور بارزانى: هه‌ر پێش ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى مووسڵ، ئێمه‌ داوامان كردووه‌، ده‌بێت دانووستان  له‌ نێوان پێكهاته‌كانى مووسڵ بكرێت. ئێمه‌ ناتوانين له‌ برى كريستيانه‌كان قسه‌ بكه‌ين. هه‌روه‌ك چۆن نامانه‌وێت له‌ برى ئێمه‌ قسه‌ بكات. ئێمه‌ به‌ هێزه‌ پشتيوانى ده‌كه‌ين له‌ هه‌ر بڕيارێك، كه‌ مه‌سيحييه‌كان بيده‌ن و ئێمه‌ش هاوكاريان ده‌بين بۆ جێبه‌جێكردنى بڕياره‌كه‌يان.
- پرسيار: پێتان وايه‌ له‌ رووى پراكتيكييه‌وه‌ تا چه‌ند ريفراندۆم كرده‌يى ده‌بێت بۆ سه‌ربه‌خۆيى، ده‌كرێت وه‌كو ئه‌نجامێك به‌كاربهێنرێت، له‌ دژى عێراق، ياخود ئه‌مه‌ به‌ كردار بۆ سه‌ربه‌خۆييه‌؟
مه‌سروور بارزانى: به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ريفراندۆم ده‌نگى خه‌ڵكه‌. كێ ده‌نگى خه‌ڵك به‌كارده‌هێنێت بۆ  خواستى خۆى. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بڕيارى دا، ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت. ئێمه‌ گوێ له‌ خه‌ڵك ده‌گرين. ئامانجمانه‌ ئه‌و ريفراندۆمه‌ ئه‌نجامبدرێت له‌ كۆتايى ئه‌مساڵ. بڕيارێكه‌ داوومانه‌. ئه‌وه‌ په‌يوه‌ندى به‌ ليژنه‌كه‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ به‌رپرسيارن له‌ ريفراندۆم. ئه‌مه‌ پرسێكى جدييه‌ و په‌يوه‌ندى به‌ پروپاگه‌نده‌ى سياسييه‌وه‌ نييه‌. هيچ كه‌سيش بۆى نييه‌ له‌ برى خه‌ڵك قسه‌ بكات. ده‌بێت بگه‌ڕێينه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و بزانين چييان ده‌وێت.
- پرسيار: سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى ده‌يانه‌وێت له‌ كه‌ركووك و خانه‌قين نزيك ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ به‌شير و كه‌يوان و تازه‌ و ناوچه‌ى ديكه‌ش نزيكبوونه‌ته‌وه‌، ئايا كاريگه‌رى ئه‌وه‌ چى ده‌بێت.. گوێبيستى ئه‌وه‌ بووين سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى زۆر به‌ خراپى باسى كوردستان ده‌كه‌ن؟
مه‌سروور بارزانى: وه‌ك ئاماژه‌م پێدا، ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ ته‌واوى لايه‌نه‌كان چاره‌سه‌ر  بكه‌ين. شه‌ڕ هه‌بوو، دواى شه‌ڕى داعش ئه‌و لايه‌نه‌ى تۆ باسى ده‌كه‌يت و ئه‌و ناوچانه‌ هێزى تايبه‌تى لێ بوو، هه‌ماهه‌نگيان له‌گه‌ڵ داعش كردبوو، ئه‌و پرسياره‌ پێويسته‌ راسته‌وخۆ ئاراسته‌ى ئه‌وان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامێكى باشت ده‌ستبكه‌وێت. ئه‌و ناوچانه‌ كوردستانين، خوازيارين، دواى شه‌ڕى داعش بگه‌ينه‌ هه‌ندێك چاره‌سه‌رى و رێزى هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى هيچ لايه‌نێك نه‌توانێت ويستى خۆى بسه‌پێنێت.
- پرسيار: ئايا له‌ گفتوگۆكانتان له‌گه‌ڵ كۆشكى سپى باسى ريفراندۆمتان كرد، هه‌ڵوێستى كۆشكى سپى چى بوو، له‌ ئاستى ناوخۆشدا ئايا ئاماده‌كارى ريفراندۆم له‌ چ قۆناغێكدايه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا دڵخۆش بووين به‌و هاوڕێيه‌تييه‌ى كۆمان ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و  وشانه‌ى له‌وانه‌وه‌ بيستمان كاريگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانمان و له‌ ئاستى ناوخۆشدا چه‌ندين كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوون له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كه‌ ده‌يانه‌وێت به‌شێك بن له‌و پرۆسه‌ نيشتيمانييه‌ و به‌رده‌وام ده‌بين له‌ كاركردن له‌گه‌ڵيان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين روانگه‌يه‌كى يه‌كگرتوومان هه‌بێت پێكه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ريفراندۆم.
- پرسيار: ئايا ده‌كرێت باس له‌ بارودۆخى ژنانم بۆ بكه‌يت له‌ كوردستان، ئێمه‌ ناو به‌ناو گوێبستى كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ده‌بين؟
مه‌سروور بارزانى: به‌ پێى ياساكانمان پێويسته‌ سى له‌ سه‌دى په‌رله‌مانتاران ژن بن، ئه‌م رێژه‌يه‌  به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتى رۆژئاوا به‌رزتره‌. به‌داخه‌وه‌ راستييه‌كى تاڵ هه‌يه‌، كه‌ مامه‌ڵه‌يه‌كى خراپ لێره‌ و له‌وێ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ش ده‌رهاويشته‌ى هه‌ندێك لايه‌نى كلتوورى و رۆشنبيرى و په‌روه‌رده‌ييه‌وه‌ هه‌يه‌. حكومه‌تى ئێمه‌ ته‌واوى هه‌وڵه‌كانى خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ هێنانه‌دى يه‌كسانى ره‌گه‌زى. به‌ شانازييه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێين كه‌ ژنانمان له‌ كوردستان سه‌لماندوويانه‌ له‌ پياو كه‌متر نيين و له‌ به‌رامبه‌ر دڕنده‌ترين رێكخراوى تيرۆريستى شه‌ڕيان كردووه‌. پێشم وايه‌ جيهان گه‌واهى بۆ تواناى ژنى كورد ده‌دات.
- پرسيار: من له‌ زانكۆى نيۆجێرسييه‌وه‌، زۆر جار باس له‌ به‌كارهێنانى ئينته‌رنێت له‌ لايه‌ن داعش و په‌لكێشكردنى ئه‌ندامه‌كانى ده‌كرێت، ئايا كاريگه‌رييان له‌سه‌ر كوردستان چۆن بووه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ به‌خته‌وه‌رين، خه‌ڵكى ئێمه‌ به‌ كلتوورى توندڕه‌و نييه‌. هه‌روه‌ها  پشتيوانى توندڕه‌وى ناكات. خه‌ڵكى واين كه‌ جياوازييه‌كان قبووڵ ده‌كه‌ين. له‌ كوردستانيش خه‌ڵكى خاوه‌ن هزرى ئاينى و سياسى جيا ده‌ژين. خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى ده‌توانين بڵێين له‌ رووى پێكه‌وه‌ ژيانه‌وه‌ باشترين خه‌ڵكن. ئه‌مه‌ش هاوكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين رێگرى بكه‌ين له‌ په‌لكێشكردنى خه‌ڵكى بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌. هاوكات ئێمه‌ پێكهاته‌ ئاسايشييه‌كانمان رۆڵێكى كارايان گێڕاوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌شمان پشتيوانى ئه‌و پرۆسه‌يه‌ بوونه‌. بۆيه‌ ده‌توانين بڵێين ئێمه‌ ئاماده‌ييه‌كى ته‌واومان تێدا بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى تيرۆريزم له‌ كوردستان سنووردار بكرێت. هيچ جۆره‌ ئاسايشێكى ره‌ها نييه‌ له‌ جيهاندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌يرى كوردستان بكه‌ين، ده‌بينين ئێمه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگيرترين شوێنى جيهانين، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئارامى هه‌يه‌. ده‌مه‌وێت هه‌ندێك داتات پێبڵێم، كرده‌وه‌ تيرۆريستييه‌كان له‌ كاتى هاتنى داعشه‌وه‌ تا ئێستا كه‌مترن له‌ كرده‌وه‌ى تيرۆريستى هه‌ر رۆژێكى عێراق. توانيومانه‌ ئاسايشى هه‌رێم بپارێزين. زۆربه‌ى ئه‌و تێكۆشانه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وان هاوكارێكى به‌رده‌وام بوون. هه‌روه‌ها بۆ لايه‌نه‌ ئه‌منييه‌كانيشمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. باس له‌و رێگايانه‌ ناكه‌ين كه‌ گرتوومانه‌ته‌به‌ر.
- پرسيار: بزووتنه‌وه‌يه‌كى ريفۆرمى له‌ سه‌رده‌ستى جه‌نابى سه‌رۆك و به‌ڕێزتان له‌ كوردستان به‌ديده‌كرێت و له‌ ناو گه‌نجان لێكه‌وته‌ى زۆرى هه‌يه‌، ئايا هيچ پلانێكتان هه‌يه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ خوێندوويانه‌ و ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان و خزمه‌ت بكه‌ن؟
مه‌سروور بارزانى: ده‌مه‌وێت به‌رده‌وام پشتيوانى له‌و كه‌سانه‌ بكه‌م، باشترين په‌روه‌رده‌يان وه‌رگرتووه‌  و ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئێمه‌ زانكۆى ئه‌مريكيمان له‌ دهۆك كردووه‌ته‌وه‌. چونكه‌ ده‌مانه‌وێت هاوكار بين بۆ خه‌ڵكه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌يانه‌وێت پێى بگه‌ين و ده‌بێت هاوكارى سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كان بكه‌ين و تۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ت هه‌يه‌ و خۆشحاڵيشم بگه‌ڕێيته‌وه‌ و له‌و لايه‌نه‌ى كه‌ ده‌ته‌وێت خزمه‌ت بكه‌يت و دڵنياشم سه‌رۆك زۆر هاوكاره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ و خزمه‌ت بكه‌ن.
- پرسيار: ئه‌گه‌ر كريستيان و ئێزدى و توركمان به‌شدارى له‌ ريفراندۆمه‌كه‌ نه‌كه‌ن، ئايا ئه‌و پرۆسه‌يه‌ ده‌وه‌ستێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچه‌يه‌ دابه‌شكرا و به‌غدا به‌شێك و به‌شێكيش هه‌رێمى كوردستان بێت ئايا ده‌توانن يه‌كيان بخه‌نه‌وه‌؟
مه‌سروور بارزانى: تۆ باس له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌يت و ئێمه‌ ناتوانين ئه‌وان ناچار بكه‌ين  و له‌ باتى ئه‌وان قسه‌ بكه‌ين و خۆيان سه‌رپشكن و ده‌يانه‌وێت له‌گه‌ڵ كام لا بن. ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى تۆ ئاماژه‌ت پێدان و ده‌يانه‌وێت به‌شێك بن له‌و ريفراندۆمه‌ و بيانه‌وێت ئه‌و مافه‌ ديموكراسييه‌ په‌يڕه‌و بكه‌ن، يان نايانه‌وێت به‌شدار بن، ئه‌وا؛ له‌سه‌ر خۆيان ده‌وه‌ستێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌يه‌نێت، كه‌ ئێمه‌ ريفراندۆم ئه‌نجام ناده‌ين، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌ نايانه‌وێت به‌شێك بن لێى.