Tuesday, May 31, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی سوریا و شاندی یاوه‌ری كرد




ئه‌مڕۆ 31/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌نه‌س عه‌بده‌ سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی سوریا و شاندی یاوه‌ری كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ حه‌واس سه‌عدون، عه‌بدولئه‌حه‌د ستیفۆ، هه‌یسه‌م ره‌حمه‌و محه‌مه‌د جوجه‌. 

له‌و ‌دیداره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی مرۆیی و پێشكه‌وتنه‌ مه‌یدانییه‌كانی سوریا و ناوچه‌كه‌، له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی سوریا سوپاسی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌به‌رامبه‌ر ‌حه‌واندنه‌وه‌و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان به‌ ئاواره‌كانی سوریا. 

هه‌ر له‌و دیداره‌دا له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان‌ و پێویستی به‌شداریكردنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ دروستكردنی بڕیاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كاروباره‌كانی ئێستا و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌‌ گفتوگۆ كرا و هه‌موو جۆره‌ تاكڕه‌وی و پاوانخوازییه‌ك ره‌تكرایه‌وه‌، ‌كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش و به‌دیهێنانی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ سوریا و ناوچه‌كه‌ رۆڵ و پێگه‌ی خۆیان هه‌بێت. 

كۆبوونه‌كه‌ پاڵپشتی خۆی بۆ‌ چه‌سپاندنی مافه‌نه‌ ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌ ده‌ستووری ئاینده‌ی سوریا دووپاتكرده‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی رۆژئاوا، كه‌ شاره‌زایی و ئه‌زموونێكی باشیان له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش هه‌یه‌ به‌پێویست و گرنگ دانا بۆ شه‌ڕی تیرۆریستان و پاراستنی ناوچه‌كه‌. 

هه‌روه‌ها رۆڵی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی و نوێنه‌ری گه‌لی كورد له‌ ئیئتلافی نیشتمانی به‌رز نرخێندرا.

Tuesday, May 24, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد





ئه‌مڕۆ 24/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردن له‌ فرانك بێكه‌ر بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، ئاینده‌ی وڵات‌ له‌سه‌ر‌ رێككه‌وتنی نێوان پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ گشتیه‌كان وه‌ستاوه‌‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ دوای تێكشكاندنی داعش له‌پێناو به‌رقه‌راركردنی ئاشتی پێشكه‌وتنی سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا بێته‌كایه‌وه‌.

له‌و دیداره‌دا، كه‌ ئه‌نگس مكی كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ و دووپات له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ جه‌نگی دژ به‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش كرایه‌وه‌، له‌لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی باسی له‌ بارودۆخی به‌ره‌كانی جه‌نگ و تاكتیكی سه‌ربازی ئێستای داعش كرد و رایگه‌یاند، داعش خاكێكی زۆری له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام به‌و هێرشانه‌ی ده‌یكات ده‌یه‌وێ پرۆسه‌ی رزگاركردنی ناوچه‌كانی دیكه،‌ به‌تایبه‌تی مووسڵ دوابخات. هه‌روه‌ها جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌ بایه‌خی پرسی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كان له‌ نێوان پێكهاته‌كان له‌ دوای داعش ، كه‌ پێویسته‌ فاكته‌ری به‌دیهاتنی سه‌قامگیری بێت.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا تاوتوكرا و دووپات له‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كان پێشتر راست بكرێنه‌وه‌. په‌یوه‌ند به‌و بابه‌ته‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ سرووشتی دانه‌مه‌زراون، به‌ڵكو دامه‌زرێندراون و رایگه‌یاند، كورد هۆكاری ئه‌و كێشانه‌ نییه‌ له‌ به‌غدا رووده‌ده‌ن، تاكه‌ی كورد باجی هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌ بدات، كه‌ له‌ به‌غدایه‌؟

له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی به‌ریتانیا دووپاتی له‌ پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی بۆ جه‌نگی دژ به‌ داعش له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرده‌وه‌ و ستایشی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد، كه‌ قاره‌مانانه‌ به‌رامبه‌ر داعش به‌رگریان كرد و رایگه‌یاند، یه‌كریزی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد گرنگه‌ و پێویسته‌ پارێزگاری لێ بكرێ.

Sunday, May 22, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سێر ئالن دانكن په‌رله‌مانتاری پارتی پارێزگار...







ئه‌مڕۆ 22/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (سێر ئالن دانكن) په‌رله‌مانتاری پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا و نێرده‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری یه‌مه‌ن و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پارێزگاران (CMEC)، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵی به‌ریتانیا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، رایگه‌یاند، كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی عێراق نه‌بوونی متمانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كانه‌، كه‌ وایكردووه‌‌ هیچ كاتێك سه‌قامگیر و جێگیر نه‌بێت.

له‌و دیداره‌دا به‌ تێروته‌سه‌لی گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی و كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و نیگه‌رانیه‌كانی گه‌لی كورد و یارمه‌تی و هاوكاری به‌ریتانیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرا. له‌به‌رامبه‌ردا (سێر ئالن) رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان له‌ نیگه‌رانی و ویستی گه‌لی كورد تێده‌گه‌ن.

مه‌سرور بارزانی پوخته‌یه‌كی له‌ مێژووی سیاسی عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی ناوچه‌كه‌ باسكرد و پێداچوونه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌شی بۆ به‌دیهاتنی سه‌قامگیری به‌ پێویست دانا، كه‌ سیستمی فاشیل و سه‌رنه‌كه‌وتوو، به‌رده‌وام كاره‌سات به‌رهه‌م ده‌هێنێ و ده‌ركه‌وتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی به‌ به‌ره‌نجامی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و سیستمه‌ دانا.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ به‌رده‌وامبوونی جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێست و ویستی گه‌لی كوردستانی به‌رامبه‌ر ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌ خسته‌ڕوو، كه‌ وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی جیهان مافی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه،‌ كه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی به‌هێزی سه‌قامگیریی، هاوكات گه‌ره‌نتیشه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك، كه‌ له‌ ئاینده‌دا رو‌به‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و مافه‌ سرووشتیه‌ی گه‌لی كورد، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام ئه‌وه‌ی له‌ توانای دابوو بۆ بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی كردوویه‌تی، به‌و مه‌رجه‌ی هاوتا و هاوبه‌ش بێت، به‌ڵام ره‌فتاره‌كانی به‌غدا به‌ فه‌رامۆشكردنی ده‌ستوور و بڕینی قوتی خه‌ڵك و ئاسته‌نگ دروستكردن له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی سه‌لماند و گوتی: ئه‌گه‌ر عێراق هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ قبوڵ نه‌كات، هه‌رێمی كوردستانیش پاشكۆیه‌تی ره‌تبكاته‌وه‌، كه‌واته‌ ده‌بێ له‌ نێوان هه‌ردوولادا میكانیزمێك بدۆزرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ببنه‌ دوو هاوسێی باش، چونكه‌ ناكرێ هه‌رێمی كوردستان باجی هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ بدات.

Saturday, May 21, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌بالیۆزی رۆمانیا له‌عێراق کرد 21-5-2016





مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشوازیكردنی له‌جاكوب پرادا بالیۆزی رۆمانیا له‌عێراق ئاماژه‌ی به‌میكانیزمی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌‌كانی ناوچه‌كه‌ كرد به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ریه‌ك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ربه‌خۆییان له‌ناسنامه‌ی خۆیاندا هه‌بێت و بڕیاری گه‌ل وه‌ك به‌شێك له‌چاره‌سه‌ر سه‌یر بكرێ‌. 

له‌و دیداره‌دا، كه‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش تاوتوكرا، مه‌سرور بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای جه‌نگ دژ به‌تیرۆریستانی داعش و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی به‌پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی گورزی كه‌مه‌رشكێن له‌ داعش بوه‌شێنێ و پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی پێ بكات. 

له‌لای خۆیه‌وه‌ بالیۆزی رۆمانیا باسی له‌وه‌كرد‌، كه‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌نزیكه‌وه‌‌چاودێری په‌ره‌سه‌ندن و رووداوه‌كان ده‌كات، كه‌به‌چ رێگه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دێته‌دی. هه‌ر له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌‌به‌وه‌ ‌درا، كه‌ پێداگیریكردن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه‌و پێویسته‌جیاوازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت. 

په‌یوه‌ند به‌م پرسه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ناكرێ گه‌لی كورد به‌بارمته‌ی هه‌ڵه‌ مێژوویه‌كان بمێنێته‌وه‌و كاتی هاتووه‌ گوێ له‌ده‌نگ و ویستی گه‌لی كورد بگیردرێ ، كه‌ده‌یه‌‌وێ به‌ئاشتیانه‌ و له‌رێگه‌ی رای خه‌ڵك له‌عێراقێكی نا سه‌قامگیر و ناجێگیردا جیا بێته‌وه‌، كه‌به‌درێژایی ئه‌م به‌زۆر پێكه‌وه‌لكاندنه‌به‌رده‌وام ئامانجی سیاسه‌تی نكۆڵیكردنی به‌غدا بووه‌و هیچ كات هه‌رێمی كوردستانی به‌هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ قبوڵ نه‌بووه‌و نییه‌. 

هه‌روه‌ها پته‌وكردن و درێژه‌دان به‌ هاوكاری و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رۆمانیا و هه‌رێمی كوردستان له‌بواره‌ جیاجیاكاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌بوو.

Friday, May 6, 2016

مه‌سرور بارزانی: هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نییه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش چاك نابێته‌وه‌





مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ گوتارێكیدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ناسراوی ئه‌مریكی واشنتن پۆست، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نووسیوویه‌تی كورد مافی خۆیه‌تی به‌ هێمنی له‌ عێراق جیاببێته‌وه‌. مه‌سرور بارزانی له‌ گوتاره‌یدا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی عێراق هیچ شتێكی هاوبه‌شیان نییه‌ و ناچار كراون، پێكه‌وه‌، چاوه‌ڕێی چاره‌نووسێكی نادیار بكه‌ن. 

هه‌روه‌ها راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌شڵێت: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ دان به‌وه‌دا بنێین، ده‌وڵه‌تی عێراق شكستی خواردووه‌ و به‌رده‌وام بوون له‌نێو عێراق، كورد رووبه‌ڕووی چه‌ندین ناكۆكی دیكه‌ی درێژخایه‌ن ده‌كاته‌وه‌. ئه‌مساڵ، یادی سه‌د ساڵه‌ی رێككه‌وتنامه‌ی سایكس پیكۆیه‌ و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌، رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، زنجیره‌یه‌ك راپۆرت و گوتاری له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌ و هه‌روه‌ها داهاتووی عێراق و سووریا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌. 

له‌ یه‌كێك له‌ راپۆرته‌كانیدا، ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ كه‌ پێش چه‌ند رۆژێك بڵاویكردبوویه‌وه‌، تێیدا هاتووه‌ داوا ده‌كات ئه‌مریكا و وڵاتانی زلهێزی دیكه‌ی رۆژئاوا، رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی نوێ بدۆزنه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌كو جێگره‌وه‌ی رێككه‌وتنامه‌ی سایكس پیكۆ. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان، نووسیویه‌تی: داگیركردنی شاری موسڵ و به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ده‌ووروبه‌ری موسڵ له‌ساڵی دوو هه‌زار و چوارده‌ و شكستی سوپای عێراق، ئه‌و راستییه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ عێراق وڵاتێكه‌ ناتوانێت به‌رگری له‌ ھاووڵاتیانی بكات و نازانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌كوێدایه‌. پاشان مه‌سرور بارزانی نووسیوویه‌تی: پێكه‌وه‌ژیانی به‌ناچاری، ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، هه‌ر بۆیه‌، له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا، هه‌رێمی كوردستان ریفۆراندۆم ئه‌نجام ده‌دات بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی كه‌ به‌فه‌رمی له‌ به‌غدامان جیاده‌كاته‌وه‌ و بۆ دواجار ده‌وڵه‌تێك بۆ گه‌لی كورد دێته‌ ئاراوه‌. 

دواتر مه‌سرور بارزانی نووسیویه‌تی: هه‌نگاوی ریفراندۆم، یارمه‌تی كورد ده‌دات ھیوای بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، دڵنیاییش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌ته‌ی رژێمی سه‌دام رووخاوه‌، كوردستان سه‌لماندوویه‌تی كه‌ ده‌توانێ هاوپه‌یمانێكی باوه‌ڕ پێكراوه‌ بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانی و هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ قه‌ڵغانێكی ئاسنینیش له‌شه‌ڕی دژی داعش و قوربانی زۆریشیانداوه‌ بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كان.

Thursday, May 5, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان ده‌كات 5-5-2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان کرد


ئه‌مڕۆ 5/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە پڕۆفیسۆر زولكەفل عەبدولڕەزاق سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان كرد.

لە دیدارەكەدا، كه‌ دكتۆر مسلح محه‌مه‌د سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك ئاماده‌یبوو، كوالێتی و پرۆسه‌ی خوێندن و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌ نێوان زانكۆكانی كوردستان و یه‌كێتی زانكۆكانی جیهانی تاوتوكرا.

سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان خۆشحاڵیی خۆی به‌و سەردانه‌ی كوردستان ده‌ربڕی، كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانیه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌ و رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌حه‌دییاته‌كان پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ژینگه‌یه‌كی له‌باری دروست كردووه‌‌ بۆ پێشكه‌وتنی خوێندنی ئه‌كادیمی و زانستی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا باسی لە هەنگاو و چالاكییەكانی ئاینده‌ی یەكێتییەكە له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، یەكێتی زانكۆكانی جیهان به‌ ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵێتی و ئاستی خوێندنی ئه‌كادیمی و زانستی كار ده‌كات بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.

لەبەرانبەردا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای بەخێرهاتنی سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان، ئاماده‌یی خۆشی نیشاندا بۆ كارئاسانی چالاكییەكانی ئاینده‌ی یه‌كێتییه‌كه‌ و رایگه‌یاند، بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی زانكۆی ئه‌مریكی‌ كوردستان له‌ دهۆك ئامانج لێی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن و پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌ی بواره‌كان بوو له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ خوێندنی ئه‌كادیمی ته‌واو بكه‌ن له‌بری ئه‌وه‌ی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. یه‌كێتی زانكۆكانی جیهان ساڵی 1950 دامه‌زراوه‌ و سه‌ر به‌ رێكخراوی یونسكۆیه‌ و 120 وڵات تێیدا ئه‌ندامن.

Wednesday, May 4, 2016

مه‌سروور بارزانى پێشوازی لە باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق کرد 4-5-2016

مه‌سروور بارزانی پێشوازیی له‌ سكرتێری گشتی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌ت...

مه‌سروو ر بارزانی پێشوازی له‌ سینا‌تۆر ماركۆ روبیۆ كرد 4-5-2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌سكرتێری گشتی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی و شاندی یاوه‌ری ده‌كات




ئه‌مڕۆ 4/5/2016 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌(سالیل شه‌تی) سكرتێری گشتی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی و شاندی یاوه‌ری، ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستان نیشاندا‌بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كه‌موكوڕیه‌ك و حاڵه‌تێكی‌‌تاكیدا .

له‌دیدارێكدا، ناوه‌ڕۆكی دوا راپۆرتی رێكخراوه‌كه‌و ئاینده‌ی هاوكارییه‌كان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش تاوتوكرا. له‌لای خۆیه‌وه‌سكرتێری گشتی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی به‌پابه‌ندبوونه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی هاووڵاتیانی سیڤل دا و رایگه‌یاند، "ئێمه‌كراوه‌یی و پابه‌ندبوونه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌نرخێنین و مێژووییه‌كی دورودرێژمان لێره‌هه‌یه‌"

هه‌ر له‌و دیداره‌دا هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی ئاماده‌كردنی راپۆرتی ورد و دروست كرد و مه‌سرور بارزانی دووپاتی له‌ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كه‌موكوڕیه‌ك و حاڵه‌تێكی‌‌تاكیدا و رایگه‌یاند، " دڵنیام ئه‌مه‌سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، ئێمه‌ده‌خوازین لێكۆڵینه‌وه‌له‌و حاڵه‌تانه‌دا بكه‌ین، كه‌له‌دوا راپۆرتی رێكخراوه‌كه‌دا هاتوون"

ئێران رۆڵی هەرێم لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز دەنرخێنێت





ئەمرۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەرێز حەسەنی دانایی فەر سەفیری کۆماری ئیسلامی ئێران و مورتەزا عەبادی کۆنسولی گشتیی ئێران لە هەولێر و شاندنی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر دوا رەوشی عێراق و ناوچەکە کرایەوە و بە تایبەتی تیشک خرایە سەر دوا رەوشی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق. سەفیری ئێران لە ئاماژەیەکدا بە دوا سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە رۆلی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاواتی خواست بە هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەرچی زووتر کۆتایی بە هەرەشەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا بهێنرێت.

لە بارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەبێت واقعبینانە مامەڵە لە گەل رەوشی ناوخۆی عێراق بکرێت و چارەسەریی کیشەکان بە رەچاوکردنی هۆکارە مێژووییەکان بێت و ناکرێت جەخت لەو رێکارانە بکرێتەوە کە هەمان ئەم ئەنجامانەی ئێستای لێدەکەوێتەوە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە چۆنیەتی ئاسانکاریی زیاتر لە ناوچە سنووریەکان کرا بە جۆرێک هاتووچۆی گەشتیاری و پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سینا‌تۆر ماركۆ روبیۆ ده‌كات





رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌

ئه‌مڕۆ 4/5/2016 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌سێنا‌تۆر (ماركۆ روبیۆ) ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا و یه‌كێك له‌ كاندیدانی پارتی كۆماری بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2016ی سه‌رۆكایه‌تی رایگه‌یاند، " ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌تواناماندا بوو بۆ هێشتنه‌وه‌ی وڵات به‌پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی كردمان، به‌ڵام ئێستا عێراق به‌كرده‌وه‌دابه‌ش بووه‌."

له‌و دیداره‌دا، كه‌(ماتیاس میتمان) كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش و ئاماده‌كارییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و رێوشوێنه‌كانی هاوكاری زیاتری نێوان ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان تاوتوكرا. سێنا‌تۆر (ماركۆ) دووپاتی له‌رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش و تیرۆریزمی جیهانی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كرده‌وه‌و رایگه‌یاند، كه‌"رۆڵێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌."

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی بزاوته‌سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م رێككه‌وتنێكی سیاسی گشتگیر له‌نێوان پێكهاته‌كانی مووسڵ دوای رزگاركردنی كرد و مه‌سرور بارزانی جارێكی دیكه‌تیشكی خسته‌سه‌ر پێویستی دابینكردنی یارمه‌تییه‌سه‌ربازی و دارییه‌كان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و رایگه‌یاند، "ئێمه‌پێمانوایه‌ده‌بێ بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش وه‌كو سوپای عێراق پڕ چه‌ك بكرێن" 
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا ئاماژه‌به‌ناكۆكییه‌مێژوویی و تایفییه‌كانی نێوان پێكهاته‌كانی عێراق درا و مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند،" عه‌قڵیه‌تێك له‌به‌غدا هه‌یه‌، هاوبه‌شی قبوڵ نییه‌، ئێمه‌ئه‌وه‌ی له‌تواناماندا بوو بۆ هێشتنه‌وه‌ی وڵات به‌پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی كردمان، به‌ڵام ئێستا عێراق به‌كرده‌وه‌ دابه‌ش بووه‌"

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكخرایه‌سه‌ر دوا هێرشی به‌رفره‌وانی تیرۆریستانی داعش دژ به‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌له‌میحوه‌ری ته‌لسقۆف و گیان له‌ده‌ستدانی سه‌ربازێكی ئه‌مریكا، كه‌له‌و محوه‌ره‌دا هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد، له‌و باره‌وه‌مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، ئێمه‌به‌یه‌كه‌وه‌خوێنمان به‌خشی و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رز ده‌نرخێنین و خوازیاری پته‌وتركردن و به‌رده‌وامی ئه‌م دۆستایه‌تییه‌ن.

Tuesday, May 3, 2016

مه‌سرور بارزانى پێشوازیى له‌ سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى مانگى سورى عێراقى كرد 3-5...

مه‌سرور بارزانى: سه‌ركه‌وتنی ئه‌مرۆی پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی كوردستان گۆرستانه‌ بۆ تیرۆریستان



مه‌سرور بارزانی راوێژكارى ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند تویتێكى له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌باره‌ى سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌مڕۆى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر تیرۆریستانى داعش بڵاو كرده‌وه‌ . مه‌سروور بارزانى رایگه‌یاندووه‌ تویتێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند له‌ كانگای دڵه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كان و سه‌بازه‌ ئه‌مریكیه‌ خۆبه‌خشه‌كان ده‌كه‌م كه‌وا ئه‌مرۆ به‌یانی شه‌هید بوون . 

هه‌روه‌ها ستایشی فه‌رمانده‌ و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد كه‌وا ئه‌مڕۆ توانیان هێرشه‌كانی تیرۆرستانی داعش تێكبشكێن و . 

راشیگه‌یاند ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئه‌مرۆی پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی كوردستان گۆرستانه‌ بۆ تیرۆریستان . راشیگه‌یاندووه‌ پێشمه‌رگه‌ باشترین هیواى جیهانه‌ بۆ تێكشكاندنى داعش.

لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ کۆنترۆلی شەپۆلی ئاوارەکانی کاتی رزگارکردی موسڵ دەکرێت



ئەمرۆ 3-5-2016 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازیی لە د. یاسین ئەحمەد عەباس ئەلمەعموری سەرۆکی کۆمەلەی مانگی سوری عێراقی و هاورێ ئیحسان سادق سەرۆکی لقی هەولێری مانگی سوری عێراقی و موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوزیی بارزانی کرد.

لەم دیدارەدا رەوشی مرۆیی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێم تاوتوێ کرا و سەرۆکی مانگی سووری عێراقی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە وێرای ئەو قەیرانە داراییە توانیویانە پێشوازی لە یەک ملیۆن و هەشسەدهەزار پەنابەر و ئاوارە بکات.

هەر لەم دیدارەدا تاوتوێی چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ کۆنترۆلی ئەگەری هاتنی شەپۆلی ئاوارەکانی موسڵ کرا لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لە دەست چەکدارانی داعش بە جۆرێک ئەو شەپۆلە لە ڕووی مرۆیی و تەنانەت ئەمنی کاریگەریی بۆ سەر هەرێم کەم بکرێت و لەهەمان کاتدا گیانی ئەو ئاوارانە بپارێزرێت.
بۆ ئەم پرۆسەیەش بڕیارە مانگی سووری عێراقی بە هاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و دامودەزگاکانی حکومەت پلانی پێشوەختەیان هەبێت و پێداویستیەکان دابین بکەن.

Sunday, May 1, 2016

مه‌سرور بارزانی به‌شداری له‌ پرسه‌ی باوكی دكتۆر محمه‌د حاجی کرد



پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی 1/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر ‌ به‌شداری له‌ پرسه‌ی خوالێخۆشبوو باوكی (دكتۆر محمه‌د حاجی) كرد و له‌لایه‌ن كه‌سوكاری خوالێخۆشبووه‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا.

دوای خوێندنی سوره‌تی فاتیحه‌، (مه‌سرور بارزانی) پر‌سه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاریی خوالێخۆشبوو كرد و له‌ خوای گه‌وره‌ داواكار بوو خوالێخۆشبوو به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و سه‌بووری و دڵنه‌وایش به‌ گشت لایه‌ك ببه‌خشێ و هیوای خواست كه‌ ئه‌مه‌ دوا كۆستی بنه‌ماڵه‌كه‌یان بێت.