Sunday, February 7, 2016

مەسروور بارزانی: ئه‌نجامی ریفراندۆم باشترین به‌ڵگه‌ ده‌بێت بۆ دیاركردنی ویستی خه‌ڵكی كوردستان




مەسروور بارزانی راوێژكاری ئه‌‌نجوومه‌‌نی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان لە دیمانەیەکیدا له‌گه‌ل ‌‌هەفتەنامەی گوڵان ڕایگەیاند، كه‌ گرنگه‌ ریفراندۆم ببێته‌ ئه‌و هۆكاره‌ی یه‌كڕێزیی ناوماڵی كورد رێك بخاته‌وه‌ و ده‌بێت ده‌ستكه‌وته‌ نشتمانییه‌كانیش بۆ هه‌موو لایه‌ك بێت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گرینگییه‌كی زیاتر به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نشتمانی بده‌ن و ته‌نیا بیر له‌ ململانێی سیاسی و فراوانكردنی پێگه‌ی خۆیان نه‌كه‌نه‌وه‌.

مسروور بارزانی، دەربارەی پرسی ڕیفڕاندۆم و چاکسازییەکانی حکوومەت و شەڕی داعش و دۆخی ناوچەکە ڕای خۆی خستووەتە ڕوو و، هەرچێ پێوەست بە ڕیفڕاندۆمە دەڵێت: سه‌یره‌ هه‌ندی كه‌س ده‌ڵێن كات گونجاو نییه‌ بۆ ریفراندۆم. چۆن كات گونجاو نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڵێن چییان ده‌وێت؟ ئه‌نجامی ریفراندۆم باشترین به‌ڵگه‌ ده‌بێت بۆ دیاركردنی ویستی خه‌ڵكی كوردستان. 

مەسروور بارزانی ڕوونی دەکاتەوە کە سه‌ربه‌خۆیی مافێكی سروشتیی گه‌له‌كه‌مانه‌ و كه‌س ئه‌و مافه‌ به‌ ئێمه‌ نابه‌خشێت، به‌ڵكو لێمان سه‌ندراوه‌ و پێویسته‌ هه‌ر كاتێ بۆمان كرا، موماره‌سه‌ی ئه‌و مافه‌ بكه‌ین. ئێستا زۆر له‌ وڵاتانی دنیا دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ غه‌درێكی مێژوویی له‌ خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌ و، وه‌ك هه‌موو گه‌لانی جیهان مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه‌.

لەبارەی جەنگی داعشیشیەوە دەڵێ، ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر تێكشكاندنی دوژمن و رووخاندنی وره‌ی دوژمن هه‌یه‌. به‌ڵام له‌وه‌ش گرینگتر ئاماژه‌یه‌ به‌ توانای هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆمان وه‌ك دژه‌تیرۆر كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر به‌رز ده‌توانن له‌ پاڵ هێزه‌ هاوشێوه‌كانیان له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئۆپه‌راسیۆنی وا ورد و گرنگ ئه‌نجام بده‌ن.

گوتیشی، به‌رده‌وام له‌ هه‌موو ویستگه‌ و پێوه‌ندییه‌كانماندا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كان باسمان له‌ پێداویستی چه‌ك و لۆجستیكی و هاوكاری بۆ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ و به‌ شانازییه‌وه‌ توانیومانه‌ به‌رهه‌می باشیش به‌ده‌ست بێنی.

ئەو هەروەها گوتی، ئێستا پێداویستیی هه‌ره‌سه‌ره‌كیی پێشمه‌رگه‌ مووچه‌ و میزانییه‌ی گونجاوه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونی بودجه‌ كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر دۆخه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ و بیر و باوه‌ڕی به‌هێزی نه‌بێت، هیچ هێزێك به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ ناگرێت.

مەسروور بارزانی دەشڵیت، پێشمه‌رگه‌ وه‌ك هێزێكی نیزامی و رێكخراو و خاوه‌ن ئه‌زموون پێویستی به‌ هه‌موو چه‌كێكه‌ كه‌ هێزه‌ مودێڕنه‌كان هه‌یانه‌. تا چه‌كی باشتر و قورستر و كاریگه‌رتر له‌به‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ بێت، پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت و زیانی كه‌متر ده‌بن.

No comments:

Post a Comment