Saturday, November 28, 2015

‫راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم مه‌سرور بارزانی و وه‌زیری به‌رگری...



مەسرور بارزانی: دەبێت پێش ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ رێککەوتن لە سەر رەوشی ئیداری و سەربازییی ئەم پارێزگایە بکرێت

خالید عوبێدی: بەربەستەکانی بەردەم هاوکاریی پێشمەرگە سیاسین

دوا نیوەرۆی ئەمرۆ شه‌ممه‌ 28/11/2015 به‌ڕێز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق ئەنوەر حەمەدەمین فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق کرد. لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەکانی دەڤەرەکە و چۆنیەتی هەماهەنگیی نێوان دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لەم دانیشتنەدا تیشک خرایە سەر بابەتی رزگارکردنی موسڵ و وەزیری بەرگریی عێراق ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شنگالی بە سەرکەوتنێکی گەورە پێناسە کرد کە کاریگەریی زۆری لە سەر پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ دەبێت.

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە هەرێم تەنیا مامەلە لەگەل هێزە فەرمی و دەستورییەکانی عێراقدا دەکات چونکە ئەم هێزانە نابنە هۆی ورووژاندنی هەستیاریی تایفی. لە بارەی بەشداریی پێشمەرگەش لەم ئۆپەراسیۆنەدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ڕوونی کردەوە کە پێشمەرگە هێزێکی کاریگەری سەر زەوییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بۆیە هاوکار دەبێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لە هەر ناوچەیەک کە پێویست بکات، بەڵام مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆناغی دوای رزگار کردنی موسڵیش بۆ هەرێم گرنگە و دەبێت پێشتر ڕوون ببێت و رێکەوتن هەبێت کە پێشمەرگە لە چ دەڤەر و هێلێک جێگیر دەبێت و چۆن ئیدارەیەکی هاوسەنگ بۆ ئەم پارێزگایە دادەنرێت بەجۆرێک هەلەکانی ڕابردوو بەرامبەر بە پێکهاتە جیاجیاکانی ئەم پارێزگایە دووبارە نەبنەوە.

لە میانەی ئەم دیدارەدا وەزیری بەرگری توانا و قارەمانێتی پێشمەرگەی بە بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا کە هاوکاریی بەغدا بۆ پێشمەرگە لە ئاستی پێویست نەبووە و هیوای خواست بەربەستە سیاسییەکانی بەردەم هاوکاریی پێشمەرگە لابدرێن.

No comments:

Post a Comment