کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێ تایفی و مەزهەبییەکانی ناوچەکە
ئێوارەی ئەمرۆ 2013/6/10 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پیشوازیی لە دێنی گۆیەغ (Denis Gauer) سەفیری فەرەنسا لە عێراق و ئالان گوێپخات (Alain Guepratte) کونسولی گشتی فەرەنسا لە هەرێم کرد.
لە دانیشتنێکدا هەردوولا ویستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە خستە ڕوو، سەفیری فەرەنسی ئاماژەی بەوەدا کە فەرەنسا گرینگی بە پێگەی هەرێم لە دەڤەرەکەدا دەدات و بۆیە دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا بەردەوام پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت و رۆڵێکی هاریکار ببێنێت بۆ پێشکەوتنە هەمەلایەنەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها سەفیری فەرەنسی ئاواتی خواست ناوچەکانی دیکەی عێراقیش لە شێوەی هەرێم ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و ئاماژەی بەوەدا کە سەرکەوتنی هەریم لە بواری سەقامگیرکردنی ئاسایشدا جێگەی دەستخۆشییە و دەبیت ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە بۆ ناوچەکانی دیکە بگوازرێتەوە.
لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی رۆڵی فەرەنسای لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و بە ئاشتیانە چارەسەرکردنی پرسەکان بە گرنگ پێناسە کرد و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رۆڵێکی کاراتر بگێرن بۆ چارەسەریی گشت کێشەکانی ناوچەکە و کۆتایی هێنان بە گرژییەکان.
هەر لە پەیوەست بە کێشەکانی ئەم دەڤەرە مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە گرژییەکانی سوریا و وڵاتانی دەورووبەری خەریکە دەکەوێتە قاڵبی ململانێی مەزهەبی و تایفی و ئەمەش جێگەی مەترسییە، بۆیە کوردستان نابێتە بەشێک لەو ملمنلانێیە و بەڵکو هەوڵی ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانە دەدات.
لە کۆتایی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد لەم ناوچەیەدا چیتر نابێت وەک کێشە سەیر بکرێت و بەڵکو کورد فاکتەری سەقامگیرین لە دەڤەرەکەدا.
No comments:
Post a Comment