Friday, December 14, 2012

مه‌سرور بارزانى بۆ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: ته‌نگژه‌ى ئێستا خۆى له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونى كێشه‌كانى پێشووتردا ده‌نوێنێت


مه‌سرور بارزانى ڕاوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ رٍِۆشنایى خسته‌ سه‌ر چه‌ندین پرسى هه‌نووكه‌یى ناوخۆى عێراق و به‌ تایبه‌تیش ته‌نگژه‌ى ئه‌م دوایه‌ى نێوان به‌غدا و حكوومه‌تى هه‌رێم و پرسى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140 .

راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند" ته‌نگژه‌ى ئێستا خۆى له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونى كێشه‌كانى پێشوو ده‌نوێنێت و ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ى ئێستاى خولقاندووه‌ ، هه‌روه‌ها كرۆكى كێشه‌كه‌ خۆى له‌ بوونى جیاوازى له‌ سه‌ر شێوازى حوكم له‌ به‌غدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ پێمان وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌و ته‌نگژه‌یه‌ى ئێستا تێببگه‌ین پێویسته‌ بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش بۆ زانین و درك پێكردنى هۆكارى سه‌ره‌كى ناكۆكیه‌كه‌ كه‌ ئه‌ویش خۆى له‌ باوه‌ڕى حكوومه‌ت له‌ به‌غدا بۆ مه‌ركه‌زییه‌ت بوونى حوكم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تى هه‌رێم باوه‌ڕى به‌ لامه‌ركه‌زیه‌تى حوكم هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش په‌رچه‌ كردارى جیاوازى لێكه‌وته‌وه‌ و به‌م ڕۆژه‌ گه‌یشتین.

 له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى بۆ كه‌ركووك؛ مه‌سرور بارزانى ڕایگه‌یاند چۆنیه‌تى هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ پرسیى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ده‌ستووردا له‌ ڕێگه‌ى مادده‌ى سه‌د و چل ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌ كه‌ مادده‌یه‌كى ڕوون و ئاشكرایه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و هاوكات بڵاوه‌پێكردنى سوپاى عێراق له‌م ناوچانه‌دا له‌ لایه‌ن مالیكیه‌وه‌ كارێكى گێچه‌ڵكارییه‌ و ئایا كێ یه‌كه‌م جار ده‌ستى كرد به‌ دروستكردنى گرژى و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ى له‌ پشت ئه‌م كاره‌وه‌ چین ؟؛

بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ ده‌ستوور چاره‌سه‌رێكى دروستى بۆ ئه‌م ناكۆكییه‌ داناوه‌ و ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ش به‌ داخه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ دواخراوه‌ ، به‌ڵام له‌ ئێستادا گوێ پێنه‌دان به‌ ده‌ستوور و هه‌وڵدان بۆ چه‌سپاندنى چاره‌سه‌رێكى سه‌ربازى به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامى له‌ لایه‌ن گه‌لى عێراق و كوردستانه‌وه‌ ده‌بێت .

گووتیشى"  وه‌كو عێراقى بۆمان هه‌یه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بێت بجوڵێینه‌وه‌ و ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ چین كه‌ له‌ سه‌ر سه‌رۆك و یان هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ بۆ جوڵانه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟؟ ، سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكیش بۆ لاى پێشمه‌رگه‌ ئامانج لێیى هۆشداریدان و هه‌روه‌ها ناساندنى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چ ڕووه‌دات .

 له‌ باره‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش پێمان وایه‌ له‌ ده‌ستووردا پێناسه‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كراوه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌و ناوچانه‌ن كه‌ ڕژێمى پێشوو به‌ زۆر و به‌ شێوه‌یه‌كى ڕێكخراو خه‌ڵكه‌كه‌ى ڕاگواست و له‌ ئێستاشدا گه‌لى كورد داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كات كه‌ مافێكى خۆیه‌تى و مادده‌ى سه‌د وچلیش له‌ ڕێگه‌ى سێ قۆناغه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت كه‌ بریتین له‌ ئاسایكردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ دوو به‌ش ئه‌نجام ده‌درێـت و له‌ قۆناغى دووه‌میشدا سه‌رژمێرى گشتیى ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ قۆناغى سێیه‌میشدا ڕیفراندۆمێك له‌ نێوان دانیشتوانه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت ، ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ره‌ كه‌ ده‌ستوور جه‌ختى له‌ سه‌ر ده‌كاته‌وه‌.

مه‌سروور بارزانى ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌ هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌و وڵاته‌ و مافى ئێمه‌یه‌ كه‌ به‌شێك بین له‌ سیاسه‌تى به‌رگرى وڵات و به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌مان له‌ حكوومه‌تى به‌غدا نه‌بینى، ئه‌وان وا سه‌یرى هه‌رێم ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت كاتێك پرسه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌ركه‌كان ؛ ئه‌ركى سوپاى عێراق بریتیه‌ پاراستنى سنور و گه‌لى عێراق له‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشورى و مافى سوپا نیه‌ كه‌ بخزێته‌ نێو ململانێى سیاسیه‌كانى نێوان لایه‌نه‌كان . ئه‌وه‌ى مالیكى ده‌یكات، پاراستنى عێراق نیه‌ له‌ وڵاتانى دراوسێ و عێراق دووچارى هێرشى ده‌ره‌كى نه‌بۆته‌وه‌ به‌ڵكو كێشه‌كه‌ كێشه‌یه‌كى سیاسى ناوخۆییه‌؛ كه‌واته‌ بۆچى بڵاوه‌ به‌ سوپا له‌دژى قه‌واره‌یه‌ك ده‌كرێت كه‌ به‌شێكى سه‌ره‌كى پێكهاته‌كانى عێراقه‌ . سه‌باره‌ت به‌ هێوركردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه‌ش مه‌سرور بارزانى ڕایگه‌یاند هه‌ر هه‌وڵێك بۆ هێوركردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه‌ پێشوازى لێكراوه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ كێشه‌ى ناوخۆییه‌ و پێویسته‌ له‌ نێو عێراقدا یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.

راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم له‌ باره‌ى كێشه‌كانى ئێستاوه‌ ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌  جیاوازی ئێستا له‌ نێوان مالكی و هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌وه‌ك له‌ نێوان شیعه‌ و كورد بێت .

1 comment:

  1. سلاو برام . ده‌ست خۆش بابه‌ته‌كان و ولامه‌كان به‌ هیز بوون و هیوای سه‌ركه‌وتنت بۆ ده‌خوازم .

    هه‌لۆ

    ReplyDelete